ئاى سمارت

لیستى سه‌ره‌كى
نوسراوه‌كان [3] وه‌رگێران [3] دیمانه‌ [2]
ڕاپرسی
زیاتر حه‌زت له‌ كام جۆرى فیلمه‌؟
كۆى ده‌نگده‌ران: 60
ئاى سمارت له‌
الرئيسية » مقالات » نوسراوه‌كان

وورچەکە زیندوو دەبێتەوە؟
زۆرێک گەشبینبوون هەروەها زۆرێکیش بێزاربوون کاتێک رووسیا هەڵمەتە سەربازیەکەى لە دژی جۆرجیا ئەنجامدا و ئامانجەکانى پێکا، لەم کاتەدا رۆژئاواییەکان لە راگەیاندنەکان دەستیانکرد بە هەڵاو هۆسە لە مەیدانشا مت ببوون.ئارەزووى بوونى جەمسەرێکى ترى جیهانى مونافیس بۆ وولایەتە یەکگرتووەکان سەرچاوەیەک بوو بۆ گەشبینى، بەڵام ئەگەرى شکاندنى مۆنۆپۆڵى هێز و نفوز سەرچاوەى بێزەرکەربوو. خەڵکانێک هەن کە بێزارن لە هەیمەنەى فراوانى وولایەتە یەکگرتووەکان بەسەر جیهاندا، بیزاریش بوون لەوە زوڵمەى کە وەک حەقیقەتێک بەبەرچاوانەو ناتوانین نکۆڵی لێبکەین، هەندێکیش وایان بینى کە ئەمە هەوڵی رووسیایە بۆ رووبەروبوونەوەى هەوڵەکانى وولایەتە یەکگرتووەکان بۆ دەستگرتن بەسەر جیهان لەرووى رۆشنبیرى و هزریەوە وەک تاکە ووڵاتى بێ مونافیس. لە ساحەى عەرەبی وئیسلامیش بەگشتى لێکدانەوەى جۆراوجۆر دروستبوو کە زۆربەیان هەڵگرى پەیامێکى گەشبین بوون سەبارەت بە ئەگەرى گۆران لە ساحەى نێودەوڵەتى بەهۆى ئەو نیشانانەى کە وورچی رووسی پیشانى جیهانى دەدات. کەرتێکى بەرفراوانی میللی لە ساحەى ئیسلامی دڵخۆشی خۆى بەو جوڵانەى وورچی روسی دەربڕی، نەک چونکە روقیان لە جۆرجیایە، بەڵکو لەبەر ئەوەى جۆجیا لەسەر ئەمریکا حسابەو بەهاوپەیمانێکى سەرسەختیشی دەژمێردرێ ، خەڵکەکە بەدەستپێشخەریەکى رووسیاى زانى بۆ هاتنەدەر لەو ئەشکەوتە تاریکەى کە چەندەها ساڵە تیایدا قەتیس ماوە، هەروەها بە نیشانەیەکیشان زانى بۆ وەرگرتنەوەى جێگاى راستەقینەى خۆى کە چەندەها ساڵە لەبەر هۆکارى جۆراوجۆر لەدەستى داوە.لێرەوە ئەم پرسیارە دێتە پێش ئایا بەراستى ئەمەى رووسیا کردى نیشانەیەکە بۆ دەستپێکى جیهانێکى فرە جەمسەر، یان ئەمریکا هێشتا تاکە هێزى گەورەى جیهانەو لەسەرووى ئەو تەحەدیانەوەیە و هەر بە تاکە جەمسەرى بەهێز دەمێنێتەوە بۆ چەندان ساڵى تر؟ ئارەزووى روسیا پێش قسەکردن لەسەر داهاتووى جەمسەرەکان لە جیهان، گرنگە باس لەوە بکەین کە ئاخۆ بەراستى رووسیا ئارەزووى هەیە ببێتە جەمسەرێکى مونافیس بۆ وولایەتە یەکگرتووەکان یان نا. لەوانەیە رووسیا چاوى لەوە نەبێت ببێتە جەمسەرێکى مونافیس بۆ وولایەتە یەکگرتووەکان، یان تەنها مەبەستى هاوکارىکردنى ئەمریکا بێت بۆ سیاغەکردنى کاروبارى جیهان، لەوانەشە رووسیا تەنها بەرگرى لەخۆى کردبێت کاتێک هێزى عەسکەرى بەرووى جۆرجیادا جوڵاند، لەوەشەوە ویستبێتى نامەیەک بە ئەمریکا بگەیەنێت کە تیایدا هۆشدارى پێبدات لە نزیکبوونەوەى زیاتر لە سنورەکانى.لەوانەشە رووسیا مەبەستى ئەوە بوبێ کە هێزو بازوى خۆى دەربخات بۆ رووبەرووبونەوەى مەترسیەکان و تەئکیدکردنەوە لەهێزى عەسکەرى بەبێ ئەوەى مەبەستێکى نێودەوڵەتى هەبوبێت. چاوەرێ ناکرێ کە سەرۆکى رووسیا ووتارێک بدات و تێدیا بەیان بکات کە رووسیا دەیەوێت ببێتە جەمسەرێک و بەهۆیەوە پێشبرکێ لەگەڵ وولایەتە یەکگرتووەکان دەکات تا ببێتە دەلیلێک بۆمان، بەڵام چاودێران دەتوانن دەلیل بێننەوە بۆ ئەو ئارەزووەى روسیا بەهۆى ئەو سیاسەت و رێوشوێنە کردەییانەى کە گرتونیە بەر لە دەرەوەى سنوورەکانى. کۆمەڵێک نیشانەمان هەیە کە ئارەزوى روسیا نیشان دەدەن بۆ بوونە جەمسەرو هێزێکى نێودەوڵەتى کاریگەر بۆ وەرگرتنەوەى ئەو شوێنەى کە خۆى بەشیاوى دەزانێت کە ساڵەهایە لەدەستى داوە لەوانە: 1- هەڕەشەکردن لە پۆڵەندا لە رازیبوون بە بڵاوکردنەوەى موشەکى ئەمریکى لەسەر خاکەکەى بە لێدانى بەچەکى نەوەوى، ناتوانرێ ئەم هەڕەشەکردنانە بە رابواردنێکى قورس یا تەنها قسەیەکى سەرپێی لەقەڵەم بدرێ، بەڵکو دەبێ بەجددى سەیرى مەغزاو نیەتەکانى ئەم هەڕەشەیە بکرێ.لەوانەیە رووسیا مەبەستى بەکارهێنانى چەکی نەوەوى نەبێت، بەڵام ئەگەر ئەمریکا ئەوکارەى کردوو موشەکى لە خاکى پۆڵەندا بڵاوکردەوە ئەوە ئەو کاتە سەرکردایەتى روسیا بێدەنگ نابێت ، ئەو هەڕەشانەى کردوونى لەسەر روسیاى فەرزدەکەن کە وەڵامى پۆڵەندا بداتەوە لەبەر سومعەى نێودەوڵەتى و ئەو شوێن وهەیبەتەى کە هەیەتى لەهەموو بوارەکان. 2- ڕاگەیاندنى روسیا کە جۆرجیا چەکى ئیسرائیلى لەلایە و، هەروەها دەستهەبوونى ئیسرائیل لەگەڵ ووڵاتانى دراوسێى رووسیا بەتایبەت ئەوەى کە پەیوەندى بە خزمەتگوزارى لۆجستى هەیە بۆ هێرشی ئاسمانى ئیسرائیلی بۆ سەر ئێران.راگەیەینراوى لەم جۆرە ماناى رەخنەى توندە لە ئیسرائیل یان رەفزکردنى سیاسەتەکانیەتى بەتایبەت ئەوەى پەیوەندى بە ئێران و چەسپاندنى موشەکەکانى ئەمریکاوە هەیە لە ئەوروپاى رۆژهەڵات، وەک ناسراویشە کە ئەمریکا و ئیسرائیل دڵی کۆمەڵگاى نێودەوڵەتین، رەخنەگردتن و تەحەداکردنى یەکێک ماناى هەمان هەڵوێستە بەرامبەر ئەویتریشان. 3- راگەیاندنى موشەکێکى نوێی دوور هاوێژ کەتواناى پەرینەوەى هەیە بۆ کیشوەرەکانى تریش هەروەها تواناى هەڵگرتنى کڵاوەى نەوەوەى جۆراوجۆریشی هەیە، هەروەها راگەیاندنى پلانێک بۆ بەرگرى نەوەوى چاڵاک لە چەند ساڵی کەمى داهاتوو، هەموو ئەمانە نیشانەى ئەوەن کە رووسیا بەردەوامە لە گەشەپێدانى توانا میلیتاریە نەوەوەى وتەقلیدیەکان. 4- ئەنجامدانى گەشتێک لەلایەن هێزى دەریایی رووسی بۆ بەندەرەکانى ڤەنزوێلا، کە ئەمەش تەحەدایەکى رون وئاشکرایە بۆ وولایەتە یەکگرتووەکان، کیشوەرى ئەمریکاى باشوور بە ناوچەیەکى نفوزى رووسی بێ مونافیس دادەنرێ. 5- رەفزکردنەوەى داواکانى ئەمریکا لەلایەن رووسیاوە بۆ خستنەسەرى سزاى زیاتر بۆ سەر ئێران. 6- باسکردن لە دامەزراندنى بنکەیەکى سەربازى روسی لە خاکى لیبیا دواى سەردانیکردنى معەمەر قەزافی بۆ مۆسکۆ لەم چەند رۆژە کەمەى رابردوو. ئەمانە و چەندانى تر نیشانەى راستەقینەن لە سیاسەتى نوێی رووسیا لەسەر ئاستى ناوچەیی و نێودەوڵەتى، هەروەها نیشانەى پەرەسەندى نوێیشە لەسەر ساحەى نێودەوڵەتى، بەڵام زۆر ئەستەمە لەمانە بگەینە ئەنجامى ئەوەى کە روسیا بڕیارى کۆتایی داوە بەوەى تا دوا ترۆپکى ئەو تەحەدیە بڕوا کە لەسەرەوە خستمانەڕوو. ڤیژن(روئیا) وەک زەرورەتێک بۆ جەمسەربوون ئەوەى کە ئارەزووى بە سەرۆک بوونى هەبێت، دەبێت مقەوەماتى سەرکردەى تێدابێت، ڤیژن بە گرنگترینى ئەو مقەوەماتانە دادەنرێت چونکە ئایدیا و رۆشنبیرى ئەو کەسە دیار دەخات، جیهانبینى و هەوسوکەوتى ئەو کەسەش دیارى دەکات کە بەهۆیەوە دەیەوێت ببێتە سەرۆک، ئەو کەسە پێویستى بەوە هەیە بەوانە بڵێت کە سەرۆکایەتیان دەکات بۆچی ئەوان لەدەورى ئەو سەکردەیە کۆبوونەتەوە و پێویستیشە بەرگرى لەچی بکەن، پێویستیشە چی بکەن، بۆ نموونە سەرۆکى شۆرشێک بۆ خەڵکەکە روون دەکاتە کە بۆچی ئەو دەیەوێت شۆرش بکات، باسی هەندێ لەو ئامارازانە دەکاتە کە بەکارى دەهێنن، دواى ئەوە هەوڵی کۆکردنەوەى خەڵک دەدات، سەرۆکى ووڵات و مافیاو... هەروەها، روسیا ئەگەر چاوى لە جەمسەرى بێت، ئەوا دەبێت بڕوانێتە ئەو ووڵاتە و گەلانەو پێیان بڵێت کە بەرگرى لەچی دەکاو ئامانجەکانى کە دەیەوێت بەدەستیان بێنێت چیە، گرنگە کە روسیا روئیا و فەلسەفەیەکى هەبێت، یاخود ئامانجێکى هەبێت لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى بۆ ئەوەى بەهۆیەوە بتوانێ ئاڕاستەى وولات و گەلانى بکات وهاوکارى ئەوان بەدەست بێنێت، یاهەرنەبێت گرەنتى بیلایەنبوونیان بەدەست بێنێت، بۆ نموونە روسیا دەتوانێ ئەو زوڵم و چەوسانەوەى دەرهەق بە ووڵاتانى ئیسلامى وەک فەلەستین و ئەفگانستان و عێراق دەکرێت بقۆزێتەوە و، رایبگەیەنێ کە سیاسەتە نێودەوڵەتیەکانى بۆ هەڵگرتنى زوڵمە لەسەر ئەم گەلانە، پێناسەى خۆشی بۆ زوڵم رابگەیەنێ، ئامرازەکانیش پیشانى ئەو گەلانە بدات کە بەهۆیەوە هەوڵى هەڵگرتنى ئەو زوڵم و چەوسانەوە یا هەرنەبێت کەمکردنەوەى دەدات کە بەتایبەت ئەمریکا لە دواوەى ئەم نادادپەروەریەوەیە، یان دەتوانێ کۆنسێپتێکى نوێ بۆ جیهانگەرى بخاتە روو جیا لەو گۆڵۆبالیزەیشنەى کە ئەمریکا لەجیهان بڵاوى دەکاتەوە، کە بەهۆیەوە جەخت لەسەر هەمەرەنگى رۆشنبیرى و هزرى بکاتەوە، هەروەها جەخت لەسەر بەشدارى هەموو گەلانى جیهان لەو کۆنسێپتە بکاتەوە بەشێوەیەک هیچ گەل و وولاتێک پشتگوێ نەخرێ، یا رووسیا دەتوانێ تەبەنى بیرۆکەیەکى نوێ بکات بۆ کاپیتەلیزم کە بەهۆیەوە کۆمپانیا زەبەلاحەکان و جوڵەى دارایی جیهان بخاتە ژێر یاسایەکى جهانى نوێ کە نوسراو بێت و گرەتنى دووبارە نەبوونەوەى گەردەلولى دارایى هاوشێوەى ئەو تەنگەژەیەى ئێستا تێدیا دەژین بکات، شتى تریش کە روسیا دەتوانێ پشتان پێببەستێت بۆ فراوانکردنى سنورى دەستهەڵاتەکانى و کۆکردنەوەى هاورێ وهاودەمى زیاتر بەتایبەت کە ئێستا جیهان لە جۆرێک لە پەشۆکان و شڵاژان دەژیێت بەهۆى سیاسەت دارایی و میلیتاریەکانى وولایەتە یەکگرتووەکان، هەروەها پێشخستن و گەشەپێدانى روئیاى ئەلتەرناتیڤى تر کە ئەستەم نین ئەگەر روسیا مەبەستى بێت بچێتە ئەو جەنگە جیهانیەوە کە بەهۆیەوە ببێتە جەمسەرێکى گەورەى حساب بۆکراو، لەگەڵ ئەمانەش ئەگەر روسیا ڤیشنێکى روون و ئاشکراى نەبێت ناتوانیت بچێتە ئەو جەنگەوە. تواناى ئابورى و میلیتارى پەندێکى عەرەبى هەیە دەڵێ ئەوەى دەیەوێ جوان بێت پێویستە دەرگاى ماڵەکەى فراوان بکات، بەجەمسەربوونیش ئەوا پارەى زۆری تێدەچێت، ئەو ووڵاتەى بیەوێ ببێتە جەمسەر دەبێت پارەى زۆر بخاتە بەردەم ئەوانەى دەیانەوێ لەگەڵی بچنە ناو کەشتیەکە و، تواناى ئەوەشی هەبێت کە بەرگریان لێبکات هەروەها ئەوانەش بکڕێتەوە کە بێلایەنن، بێگومان پێویست نیە لەسەر رووسیا وەک ئەمریکا بێت لەرووى بەهێزى ئابوورى و دارایی، بەڵام پێویستە تواناى ئەوەى هەبێت کە خۆى بەرێوە ببات، ئەوەى زۆر پێویستە ئەوەیە کە لەرووى میلیتاریەوە تواناى هەبێت پێشبرکێ لەگەڵ ئەمریکا بکات و بتوانێت پارسەنگى هێز رابگرێت، ئایا روسیا ئێستا تواناى ئابورى ودارایی هەیە بارى قورسی جەمسەرى هەڵبگرێت؟لەم ماوەیەى دوایی داهاتى ووڵات بەشێوەیەکى بەرچاو بەرزبویەوە لە ئەنجامى بەرزبوونەوەى نرخی نەوت و غاز، پێویستیشی بە ووڵاتە رۆژئاواییەکان نەما، بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا روسیا تائێستا لە ماوەى بنیاتنانەوە دایە و لەماوەى جێبەجێکردنى داواى خەڵک دایە کە تائێستاش دەڕواننە ئاستێکى خەرجی باشتر لەوەى کە ئێستا تێیدان، روسیا داواکارى ناوخۆیی زۆرى لەسەرە کە پێویستی بە سیاسەتێکى ژیرانە هەیە بۆ سەرفکردنى هەر روپلێک(ناوى دراوى روسیە) بۆ باشترکردنى ئاستى بژێوى هاوڵاتیانى، لە ئێستادا گومانى زۆر هەیە کە روسیا بتوانێ دەستى بکاتەوە بۆ ئەوەى داواى دارایی هەموو جیهان پەخش بکات، ئێستا گەشەپێدانى ئابورى ئەو وڵاتە بۆ ئەوەى ببێتە ئابوریەکى مونافیس بەو سیستمە داراییەى کە ئێستا هەیەتى و، بەو حاڵەى ئێستایەوە هەروەها ئەم بەرەوپێشچوونە تەکنەلۆجیە گەورەیەى لە جیهان روویداوە، رووسیا ناتوانى دەرگاى کراوە بکات بۆ بازرگانى جیهانى و ناشتوانێت دایبخات، هەر بۆیە تەحدى ئابورى وەک بەربەستێکى گەورە لەبەردەم ئەم وڵاتە وەستاوە کە بەهۆیەوە ناتوانێ گەمارۆى بازارەکانى جیهان بدات، هەربۆیەش لەوانەیە رووسیا لەمەودوا کار بە سیستمێکى دارایی بکات کە دەستهەڵاتێکى بەرفراوان بەدەستێوەردانى ووڵات بدات، بۆ کەمکردنەوەى کاریگەریەکانى کاپیتەلیزمى لیبرالى نوێ. راکێشانى ووڵاتانى ئەنتى-ئەمریکا یەکێک لە نیشانە دیارەکان بۆ حەزو ئارەزوەکانى روسیا، پەیوەندکردنیەتى بە وڵاتە یاخیەکان بەپێی ریزبەندى ئەمریکا، هەروەها لەگەڵ بزوتنەوەکانى مقاوەمە کە لەریزبەندى لیستى تیرۆرى ئەمریکا هەژمار دەکرێن، ئەگەر روسیا بەراستى بیەوێ بەرەنگارى ئەمرکیا بکات و، بەراستى تاک جەمسەرى رەتبکاتەوە، ئەوا چاوەروانکراوە کە دەست بۆ هەندێ لەحەرامکراوەکانى ئەمریکا ببات بۆ نموونە پاڵپشتى گروپە تیرۆریستیەکانى عێراق بکات یان پاڵپشتى دیپلۆماسیەتى ئێران بکات، هەروەها پەڵەپەستۆکانى سەر ڤەنزوێلاش کەم بکاتەوە، هەندێک خاڵ هەیە کە بە ئامانجگرتنى ئەمریکا دادەنرێت وەک هاوکاریکردنى سوریا کە پاڵەپەستۆو کۆت وبەندێکى زۆرى لەسەرە بەهۆى تۆمەتبارکردنى بەیارمەتیدانى رێکخراوى تیرۆریستى لەلایەن ئەمریکاوە، هەروەها ووڵاتانى ترى وەک کۆریاى باکور وکوبا، هەروەها هەندێ رێکخراوى ترى بەرگریکار کە لە بازنەى پاڵەپەستۆکانى ئەمریکا دادەنرێن وەک حەماس و حیزبوڵڵا، نزیک بوونەوەش لێیان بە دەستدرێژیکردنە سەر سیاسەتى دەرەکى ئەمریکا لەقەڵەم دەدرێ، بەدەسترێژیکردنە سەر رێرەوى ئەمریکاش دادەنرێ بۆ گڵۆباڵیزەکردنى جیهان، ئەگەر روسیا بیەوێ لەکاتێکى کەم قسەیەکى کاریگەرى هەبێت لەجیهان، ئەوا پێوسیتە کەیسە گەرمەکان گەرمتر دەکات بۆ نموونە رایدەگەیەنێت کە حیزبوڵڵا رێکخراوێکى تیرۆریستى نیە یاخود رایدەگەیەنێت کە ئارەزو دەکات یارمەتى بزوتنەوەى حەماسی گەماردراو بدات لە کەرتى غەززە بە ئەنجامدانى چەند چاڵاکیەک کە لەوانەیە ببێتە هۆى شکاندنى ئەو گەمارۆیەى کە چەندان مانگە لەلایەن ئیسرائیلەوە خراوەتە سەرى، لەهەموو حاڵەتەکاندا ئەم نزیکبوونەوەى روسیا لەو وڵات و بزوتنەوانە بە تەحدیەکى گەورە و مەترسیدار دادەنێت بۆ وولایەتە یەکگرتووەکان، هەروەها بە هەڵێکیش دادەنرێت بۆ ئەو ووڵاتانەى هاوپەیمانى ئەمریکان بۆ پێداچوونەوە بە هەڵوێستەکانیان، ئەگەر باسیش لە رۆژهەڵاتى ناوەراست بکەین بەتایبەت دواى داگیرکردنى عێراق و ئەفگانستان لەلایەن ئەمریکاوە ئەوا بە شوێنی زێرین دادەنرێت بۆ روسیا بەتایبەت ئەگەر بڕیارى بەرەنگاربوونەوەى ئەمریکاى دابێت ئەوا بەئاسانى دەتوانێت گەلانى خۆرهەلاتى ناوەراست رازی بکات بۆ ئەوەى ببنە هاوپەیمانى. تەنگەژەى دارایی جیهان ئەمریکا ئێستا لەژێر چەترى تۆمەتبارکردن دایە لەلایەن دۆست و دوژمنانى بەوەى کە ئەو بەپرسیارە لەو تەنگەژە داراییەى بەهۆى خراپ بەرێوەبردنى کاروبارە داراییەکان روویداوە، جیهان ئێستا بەرەنگارى هێزى دارایی ئەمریکا دەبێتەوە، هەروەها کار بۆ گۆڕینی جەوهەرى دەکات لە سیستمى دارایی و ئابورى، لەسەر ئەمریکاش پێویستە زوو(لەگەڵ ئەوەى درەنگى کردووە) بەخۆى بکەوێت و ئاسانکارى زیاتر بکات بۆ دەربازبوون لەو تەنگەژە داراییە مەترسیدارە، روسیاش لەلایەن خۆیەوە دەتوانێ ئەم تەنگەژەیە وەک خاڵێکى بەهێز بەکار بێنێت و کارى لەسەر بکات، تەرکیزیش لەسەر کۆنسێپتێکى نوێی جیهانگەراى بکات وەک ئەلتەرناتیڤێک بۆ گلۆبالیزەیشنى ئەمریکا کە
بەهۆیەوە دەیەوێ دەست بەسەرهەموو جیهاندا بگرێ.
 
راپۆرتێکى شیکارى رۆژنامەوانیە عەبدوڵڵا خۆشناو بۆ یەکێک لە رۆژنامە کوردیەکان نوسیوەیەتى
الفئة: نوسراوه‌كان | أضاف: Abdullakurd (01.05.09)
مشاهده: 485 | الترتيب: 0.0/0
مجموع المقالات: 0
إضافة تعليق يستطيع فقط المستخدمون المسجلون
[ التسجيل | دخول ]
بۆكس ئۆفێس
پرِ داهاترین فیلمه‌كانى ئه‌م هه‌فته‌یه‌ى سینه‌ماكانى ئه‌مریكا
يوتيوب
داتاكان

کۆى ئەوانە لەسەر هێڵن: 1
میوانان: 1
ئەندامان: 0

Copyright MyCorp © 2026
تستخدم تكنولوجيا uCoz