| ئاى سمارت له |
|
|
الرئيسية » 2009 » ئاب » 12 » "رێكپۆشــی سەلیقەی دەوێت نەك پارەی زۆر"
23:44:08 "رێكپۆشــی سەلیقەی دەوێت نەك پارەی زۆر" |
رووداو - ئاى سمارت
چەند هەفتەیەك پێش ئێستا رۆژنامەی تەلەگراف، كە پڕ فرۆشترین رۆژنامەی هۆڵەندایە، داوای لە ئەكادیمیایەكی مۆدە لە ئەمستەردام كرد بە خوێنەرانی رۆژنامەكەی پیشانبدات كە چۆن دەكرێ، لە كاتێكدا قەیرانی ئابووری زۆربەی وڵاتانی جیهانی گرتووەتەوە، بە بودجەیەكی 75 یۆرۆیی جلی شیك بكڕن. بەرێوەبەرایەتی ئەكادیمیاش شەش قوتابی هەرە باشی خۆی راسپارد بۆ ئەو كارە.
مۆدەكارێك كورد بوو
یەكێك لەو مۆدەكارانە كە دواتر لە رۆژنامەكەدا مۆدێلەكانی بڵاوكرانەوە و لەسەری نووسرا، ئاهەنگ محەممەدی 21 ساڵ بوو كە خەڵكی شاری سلێمانییە و لە منداڵییەوە لە هۆڵەندا دەژیت . ئاهەنگ دەڵێ بۆ من ئەو كارە زۆر ئاسان بوو، چونكە خۆم یەكێكم لەوانەی زۆر جلوبەرگ و پێڵاو و شتی دیكە دەكڕم و قەتیش پارەی زۆریان پێنادەم: "لە كاتێكدا خەڵك نزیكەی سەد یۆرۆ بە پانتۆڵێك دەدەن، من چووم بە دە یۆرۆ پانتۆڵێكی شیكم دۆزییەوە، پێڵاو و چاویلكەی رەش و جلوبەرگ و جانتاش هەروا، هەموویانم بە هەرزانترین نرخ كڕی، بەشێوەیەك لە گەڵ یەكتردا گونجاندمن كە رەنگە كەسێكیتر بە پارەیەكی زۆریش ئەوەی پێنەكڕدرێ". ئاهەنگی رێكپۆش دەڵێت گرانترین جل لە ژیانمدا كڕیبێتم چاكەتێك بووە كە بە 60 یۆرۆ كڕیومە، ئەو بۆ (رووداو) دەگێڕێتەوەو دەڵێ "ئەوە لەبەر ئەوە نییە كە رەزیل بم و دڵم نەیێ شت بۆ خۆم بكڕم، بەپێچەوانەوە ئەگەر حەزم لە شتێك بێت، بە هەر نرخێكیش بێت، هەر دەیكڕم، بەڵام پێموایە كە جل كڕین زۆرتر سەلیقەی دەوێت و مەرج نییە هەر جلێك كە جوان بێت گرانیش بێ".
كوشتنی جوانیی جلەكان
دەربارەی شێوەی جلپۆشینی زۆر لە كوردانی تاراوگەنشینیش ئاهەنگ بە پێكەنینەوە دەڵێ" دەیكەنە (ترشیات!) و زۆر جار هەوڵی زۆر دەدەن كە جوانترین و چاكترین جۆری جلوبەرگ بپۆشن، بەڵام بە هۆی لێنەزانینەوە ئەو جوانییەی كە جلەكان هەیانە دەكوژن، بۆ نموونە هێندە شتی ئاڵوواڵا بە خۆیانەوە دەكەن كە رەنگەكان یەكتری دەخنكێنن. بەداخەوە وا دەزانن دەبێ جل هەمیشە یەك رەنگ و شێوە بن و لێك بێن، لەكاتێكدا هەندێكجار جوانی لە پێكەوە گونجاندنی دوو رەنگ و شێوەی تەواو لە یەكتر جیایە لەگەڵ یەكتری". ئەو كچە كوردە مۆدەكارە باسی جلوبەرگی پێشكەشكاری كەناڵە ئاسمانییە كوردییەكان دەكات و دەڵێ: "هەندێكجار جلی وا دەپۆشن كە لێرە خەڵكی ئاسایی دەیپۆشن و هیچ حیسابی رەنگەكانی ناو ستۆدیۆ و لە تەلەڤزیۆن دەركەوتنیان تێدا نەكراوە، یان هەندێكیان هەندێك جل دەپۆشن كە لێیان نایێت و ئیتر هەر بەو جۆرە جلەوە دەقیان گرتووە". ئاهەنگ پێیوایە كە پۆشینی جل زۆرتر رەنگدانەوەی هەستی مرۆڤەكانە و ئەوانەی دڵیان خۆشە و حەزیان لە ژیانە ئەو هەستانە لە جلەكانیشیاندا دەردەكەوێت: "من زستانان زۆر جار بێتاقەت دەبم و بێ ئەوەی گوێ بدەمە جۆری جلەكانم دەڕۆمە دەرەوە، هەندێكجاریش رەنگە نیو كاژێر خەریكی دۆزینەوەی جلێكی جوان بم".
لە جلی كوردیش جوانتر هەیە
زۆر جار كورد شانازی بەوەوە دەكەن كە جلوبەرگی میللیی جوانیان هەن و هەندێك كەس دەڵێن لە دنیادا لە جلی كوردی جوانترم نەبینیوە. ئاهەنگ دەڵێ ئەوانە هەقی خۆیانە وا بڵێن، چونكە ئەوە مەسەلەیەكی نەتەوەییە و زۆرتر خۆشەویستیی فەرهەنگ و وڵاتەكەی لە پشتەوەیە، بەڵام ئەوە بە راست نازانێت كە جلی كوردی بە جوانترین جلی دنیا دابنرێ و دەڵێ " باوەڕ بكە ستایلی جلی كوردی زۆر سادەیە". ئاهەنگ ناشیشارێتەوە كە ئەو هەندێجار قوماشی كوردی لە دیزاینكردنی مۆدێلێكی نوێی جلوبەرگدا بەكاردێنێ. یان دەڵێ من زۆر حەزم لە جلی كلاسیكی رۆژئاواییە " پێموایە ئەگەر كەوای كوردی لەسەر ئەو جلە كلاسیكییانە لەبەر بكرێت ستایلێكی زۆر تایبەتی دەبێت". دەربارەی جوانترین مۆدێلی جلی كوردی بۆ ئافرەتانیش ئاهەنگ كراس و كەوا لە هەمووان بە جوانتر دەزانێت، چونكە وەك خۆی دەڵێت لەگەڵیدا ژیاوە و دایكی هەمیشە لەبەری كردوون. ئاهەنگ محەممەد، ئێستا لە هەوڵی ئەوەدایە بۆ چەند مانگێك بڕواتە شاری لۆس ئەنجلێسی ئەمریكا: "لەوێ قوتابخانەی گەورەی مۆدەی لێن و دەمەوێ زۆرتر فێر بم". خەونیش بەوەوە دەبینێ كە لە ئایندەدا بە هاوكاری ئەوانەی سەرمایەگوزاری دەكەن لە بواری مۆدەدا ماركەیەكی تایبەت بە جلەكانی خۆی هەبێت. ئەو پێدەچێت ناویشی دانابێت بۆ ماركەكەی، بەڵام كاتێك داوای لێدەكەین ناوەكەیمان پێ بڵێت، بە پێكەنینەوە دەڵێت "ئەوە جارێ خەونە و كەی بووە راستی پێتان دەڵێم".
|
|
مشاهده: 687 |
أضاف: Abdullakurd
| الترتيب: 0.0/0 |
إضافة تعليق يستطيع فقط المستخدمون المسجلون [ التسجيل | دخول ]
|
| بۆكس ئۆفێس | | پرِ داهاترین فیلمهكانى ئهم ههفتهیهى سینهماكانى ئهمریكا |
| داتاكان |
کۆى ئەوانە لەسەر هێڵن: 1 میوانان: 1 ئەندامان: 0 |
|