"بۆ رێكخستن و شكڵدان به خێڵ شه‌ست و نۆ رێگه هه‌یه، هه‌ریه‌ك له‌م ڕێگایه‌نه‌ش به‌ته‌نیا رێگه‌یه‌كی ڕاسته"
كپلینگ
هیچ كۆمه‌ڵگایه‌كی مۆدێرن نییه بتوانێت به‌هه‌مان بیركردنه‌وه‌و به‌هه‌مان ئاسۆی روانینه‌وه بڕوانێته كێشه‌و گرفته ناوخۆییه‌كانی. بگره ته‌نانه‌ت تاكه‌كانیش روانینی جیاوازیان بۆ دنیا‌و لێكدانه‌وه‌ی گرفته‌كانی هه‌یه. كاتێك باسی كۆمه‌ڵگا ده‌كه‌ین واته باسی ئاپۆره‌یه‌كی خه‌ڵك ده‌كه‌ین كه ژینگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌روه‌رده‌یی و سیاسی جیاوازیان هه‌یه. هه‌ر ئه‌م هه‌لومه‌رجه واده‌كات خه‌ڵكی بیروبۆچون‌و روانگه‌ی جیاوازیان هه‌بێت‌و چونییه‌ك ته‌ماشای شته‌كان‌و جیهانی ده‌وربه‌ریان نه‌كه‌ن. چه‌ند روداو هه‌یه، هێنده‌ش لێكدانه‌وه و ته‌فسیری جیاواز بۆ ئه‌و روداوه هه‌یه. چه‌ند كێشه و گرفت هه‌یه، هێنده‌ش رێگه چاره‌سه‌ری جیاواز بۆ ئه‌و كێشانه هه‌یه.
فره‌یی روانین و بیروبۆچون، ره‌وتێكی ناچاریانه‌ی ژیانی مرۆڤه. ره‌نگه به‌شێكی سه‌ره‌كی له مێژوی فكر بریتی بێت له گه‌ڕان به‌دوای وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌دا كه چۆن و به‌چ شكڵێك ئه‌م فره‌یی و جیاوازییه رێكده‌خرێت. به‌شێكی زۆر له مێژوی فكری سیاسی گه‌ڕان بوه به‌دوای ئه‌و رێكخستنه‌دا كه توانای هه‌یه به‌باشترین شێوه‌ی مومكین ئه‌م هه‌مو بیروبۆچونانه رێكبخات.
ره‌نگه دو هێڵی سه‌ره‌كی له بیركردنه‌وه‌ی سیاسی‌دا هه‌بێت كه به‌شكڵی جیاواز خۆی ده‌رده‌خات و پێشنیاری جیاواز‌و بگره دژ به‌یه‌ك بۆ ئه‌م دیارده‌یه پێشكه‌شده‌كات. هێڵی یه‌كه‌م بیركردنه‌وه‌یه‌كه كه بڕوای وایه ئه‌م جیاوازیانه كۆمه‌ڵگا لاواز ده‌كه‌ن و له‌دواجاردا ده‌بنه هۆی كه‌رتبون و دابه‌شبونی كۆمه‌ڵگا كه ره‌نگه له دۆخه ترسناكه‌كانیدا به‌شه‌ڕی ناوخۆ بگات. ئه‌م هێڵی تیۆرییه له تۆماس هۆبزه‌وه ده‌ستپێده‌كات و درێژكراوه‌كانی له تیۆره‌كانی ناسیۆنالیزمی كولتوری و لایه‌نگرانی ده‌سه‌ڵاتدارێتی بێهاوتای ده‌وڵه‌تدا ده‌بینین.
هێڵی دوه‌م بیركردنه‌وه‌یه‌كه كه بڕوای وایه ئه‌م جیاوازیانه نه‌ك نابنه هۆی لاوازی، به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه ده‌بنه هۆی به‌هێزی و ده‌وڵه‌مه‌ندبون و سه‌قامگیری كۆمه‌ڵگا. ئه‌م هێڵه‌ش له جۆن لۆكه‌وه ده‌ستپێده‌كات و درێژكراوه‌كانی له لایه‌نگرانی لقه جیاوازه‌كانی لیبرالیزم و لایه‌نگرانی دیموكراسیدا ئه‌بینن.
بیرۆكه‌ی یه‌كه‌م پێیوایه ته‌نها رێگه‌ی به‌هێزكردنی كۆمه‌ڵگا دروستكردنی ده‌وڵه‌تێكی به‌هێزه كه به‌زه‌بر و ناچاری(گه‌ر پێویستیش بكات به توندوتیژی) چونییه‌كی به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگادا ئه‌سه‌پێنێ. بێگومان ئه‌م چونیه‌كییه‌ش پێویستی به حه‌كایه‌تێكی ئایدۆلۆژی هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی به‌هانه‌یه‌كی نیمچه عه‌قڵانی بۆ بدۆزرێته‌وه: ئایدۆلۆژیای ناسیۆنالیزمی كولتوری. بڕوابون به‌توانای كارێزمی رابه‌ر و شێوازه‌كانی تری سه‌رۆكایه‌تیكردن، شێوه جیاوازه‌كانی ئه‌و حیكایه‌ته ئایدۆلۆژیانه‌ن كه له‌پێناوی چونییه‌ككردنی كۆمه‌ڵگا و رێگه‌گرتن له جیاوازیدا دروستده‌بن.
بیرۆكه‌ی دوه‌م (كه جێی باسی ئه‌م نوسینه‌یه) به‌پێچه‌وانه‌وه بڕوای وایه تاكه رێگه‌ی به‌هێزكردن و سه‌قامگیریی كۆمه‌ڵگا به داننان به‌م جیاوازیانه‌دا ده‌ستپێده‌كات و كاری سه‌ره‌كی رێكخستنی سیاسیش ئه‌وه‌یه ئه‌و رێگه شه‌رعی و یاسایی و دور له توندوتیژیانه بدۆزێته‌وه كه رێگه ده‌دات ئه‌م جیاوازیانه ته‌عبیر له خۆیان بكه‌ن. ته‌عبیر له خۆیان بكه‌ن به‌شێوازێكی هێمنانه و دۆستانه كه له‌دواجاردا ده‌بێته هۆی خێری گشتی بۆ هه‌موان. بیریارانێكی زۆری فكری دیموكراسی خۆیان به‌وه‌وه سه‌رقاڵكرد كه ئه‌و به‌ڵگه لۆژیكیانه ریز بكه‌ن كه ئه‌م هێڵه فكریانه ده‌سه‌لمێنن. گرنگترینی ئه‌و به‌ڵگانه ئه‌و بۆچونه‌یه كه پێیوایه باشترین و دروستترین بڕیار ته‌نها ئه‌وكاته به‌ده‌ست دێت كه زۆربه‌ی بۆچونه جیاوازه‌كان قسه‌ی له‌باره‌وه بكه‌ن و له‌م رێگه‌یه‌شه‌وه هه‌مو لایه‌نه‌كانی تاوتوێ بكه‌ن. قازانج و زیانه‌كانی بخه‌نه به‌ر گفتوگۆ و دواجار پێكه‌وه به‌دروستترین و راستترین رێگه‌چاره بگه‌ن.
راستی یان هه‌ڵه‌ی هیچ بیرۆكه‌یه‌ك به‌شێوه‌یه‌كی باشتر و رونتر ئاشكرا نابێت، له‌و كاتانه‌دا نه‌بێت كه به‌ر بیرۆكه پێچه‌وانه‌كه‌ی ده‌كه‌وێت. راستی به‌رهه‌می كه‌سێك و بۆچونێك و رایه‌ك نییه، به‌ڵكو به‌رهه‌می به‌ریه‌ككه‌وتنی زیاد له راوبۆچونێكه.
ئه‌م هێڵه فكریه بڕوای وایه جیاوازی بۆچون، خزمه‌تی سه‌ره‌كی ده‌ركه‌وتنی راستی یان باشترین بیروبۆچون ده‌كات. ئه‌وكاته‌ی مروڤه‌كان بیرورای جیاوازی خۆیان ده‌گۆڕنه‌وه، به‌شتێك ده‌گه‌ن كه ده‌شێت تێكه‌ڵێك بێت له هه‌مویان بێ ئه‌وه‌ی به‌ته‌نیا هیچیان بێت. خۆ گه‌ر رێككه‌وتنێكی واش روینه‌دا، واباشتره بگه‌ڕێنه‌وه بۆ رای زۆرینه، ئه‌ویش پاش ئه‌وه‌ی وتوێژێكی زۆر ئه‌نجام ئه‌ده‌ن. واته گه‌ڕانه‌وه بۆ رای زۆرینه كه یه‌كێكه له پێشنیاره‌كانی سیسته‌می دیموكراتی، بۆ ده‌رچون له قه‌یرانی به‌یه‌ك نه‌گه‌یشتن و رێكنه‌كه‌وتنی بیر‌ورا جیاوازه‌كان، تا ئه‌وكاته مانای هه‌یه كه لایه‌نه جیاوازه‌كان ماوه‌یه‌كی كراوه و پێویستیان هه‌م بۆ وتنی راكانیان هه‌بێت و هه‌م بۆ بیستنی رای جیاواز له خۆیان. گه‌ڕانه‌وه بۆ بنه‌مای زۆرینه‌ی ده‌نگ، به‌بێ تاقیكردنه‌وه‌ی نزیكبونه‌وه و رێككه‌وتنی لایه‌نه‌كان مانای نییه. لایه‌نه‌كان به‌ر له‌وه‌ی بگه‌ڕێنه‌وه بۆ بنه‌مای زۆرینه و كه‌مینه، ده‌بێت ئه‌وه‌نده نه‌رمییان تیا بێت كه گوێ له به‌ڵگه‌كانی یه‌كدی بگرن، به‌نیازی ئه‌وه‌ی به‌ڕێككه‌وتن بگه‌ن. ته‌نهاش پاش نائومێدبون له گه‌یشتن به‌م رێككه‌وتنه، ناچار ده‌بن په‌نا بۆ بنه‌مای زۆرینه به‌رن.
په‌رله‌مان كه شانۆی سه‌ره‌كی وتوێژی كه‌مینه و زۆرینه‌یه، ئه‌و جێگه راسته‌قینه‌یه‌یه كه تیایدا لایه‌نه‌كان به‌كراوه‌یی گقتوگۆی تیا ئه‌نجامده‌ده‌ن... وتوێژ ده‌كه‌ن، نه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی دژایه‌تی یه‌ك بكه‌ن و یه‌كتر ریسوا بكه‌ن، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌ی به‌پله‌ی یه‌كه‌م ئه‌گه‌ری ئه‌وه تاقیبكه‌نه‌وه كه ده‌شێت له رێی وتوێژ و ئه‌رگۆمێنتی به‌هێزه‌وه، لایه‌نی به‌رامبه‌ر به‌بۆچونه‌كه‌یان قه‌ناعه‌ت پێبكه‌ن. به‌بێ بونی ئه‌م ئه‌گه‌ره‌ش، واته ئه‌گه‌ری رێككه‌وتن و قه‌ناعه‌تكردن به‌یه‌ك، په‌رله‌مان نه‌ك هیچ مانایه‌كی نییه، به‌ڵكو ده‌بێت به په‌رله‌مانه كارتۆنیه‌كانی رژێمه دیكتاتۆریه‌كان. په‌رله‌مان جێگه‌ی عه‌رزی عه‌زه‌ڵاتی زۆرینه یان كه‌مینه نییه، به‌ڵكو جێگه‌ی راگۆڕینه‌وه و ریزكردنی ئه‌رگۆمێنتی عه‌قڵانیه بۆ بۆچونه‌كان. ته‌نهاش دوای نائومێدبون له‌مه، گه‌ڕانه‌وه بو زۆرینه‌ی ده‌نگ ده‌بێته رێگه‌چاره‌یه‌كی ناچاری.
ئه‌مڕۆ كه بۆ یه‌كه‌مجاره ریزبه‌ندی كه‌مینه و زۆرینه له په‌رله‌مانی كوردستاندا ده‌بینین، هه‌مومان چاوه‌ڕێین ئه‌م ریزبه‌ندیه بتوانێت وتوێژێكی عه‌قڵانی و دور له ده‌مارگیری به‌ڕێبخات كه خه‌ڵكی كوردستان تیایدا سودمه‌ند ده‌بن، به‌وه‌ی ئه‌گه‌ری دۆزینه‌وه‌ی باشترین راوبۆچون بدۆزنه‌وه. وه‌ك چۆن ناشێت كه‌مینه هه‌میشه به‌هه‌مو شتێكی راستی زۆرینه بڵێت نا كه لۆژیكی و راسته، هه‌رواش زۆرینه نابێت ره‌دی هه‌مو شتێك بكاته‌وه كه كه‌مینه پێشكه‌شی ده‌كات.
-سه‌رچاوه: رۆژنامه‌ی ئاسۆ