"دیموكراسی بۆ عێراق دیكتاتۆری بۆ كوردستان"
رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی رابردو هه‌ریه‌كه له سه‌رۆكی په‌رله‌مان‌و لیژنه‌ی یاسایی، جه‌ختیان له‌سه‌ر شه‌رعییه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان كرده‌وه‌و رایانگه‌یاند مافی خۆیانه گفتوگۆ له‌سه‌ر ده‌ستوری كوردستان بكه‌ن‌و بڕیاری له‌سه‌ر بده‌ن.
سه‌رۆكی په‌له‌مانی كوردستان ده‌ڵێت "ره‌خنه‌یه‌كی زۆر ئاڕاسته‌ی په‌رله‌مان كرا له‌سه‌ر دواكه‌وتنی ده‌ستور، ئێستا كه ده‌مانه‌وێ بڕیاری له‌سه‌ر بده‌ین، پێمان ده‌ڵێن دوای بخه‌ن".
سه‌یر‌و سه‌مه‌ره‌ی لیژنه‌ی یاساییش له‌وه‌دایه بۆ پاساوی درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی په‌رله‌مان‌و سه‌پاندنی مافی بڕیاردان له‌سه‌ر ده‌ستور، چه‌ند نمونه‌یه‌ك دێنێته‌وه، كه یان له ده‌وڵه‌ته دیكتاتۆره‌كانی وه‌ك سوداندا رویانداوه، یان له‌كوردستان‌و وڵاتێكی پڕ له‌كێشه‌ی وه‌ك لوبناندا، واته ئه‌وكاته‌ی شه‌ڕی ناوخۆی خوێناوی‌و باری نائاسایی بواری ئه‌وه‌یان نه‌داوه هه‌ڵبژاردن له‌كاتی خۆیدا ئه‌نجام بدرێت!!
كه‌س نازانێت كامه بو ئه‌و باره نائاساییه‌ی په‌رله‌مانی كوردستانی ناچار كرد واده‌ی هه‌ڵبژاردن دوا بخات؟ ئایا كوردستان له‌شه‌ڕدایه؟ باری ئه‌منی ناجێگیره...؟ كه هیچ شتێكی له‌وجۆره له‌ئارادا نییه‌و هه‌موی چه‌ند هه‌فته‌یه‌كی تر په‌رله‌مانی نوێ ده‌ست به‌كار ده‌بێ، ئیدی چ په‌له‌یه‌كتان له‌وه‌یه بڕیار له‌سه‌ر گرنگترین به‌ڵگه‌نامه‌ی رێكخستنی ژیانی سیاسی، ئابوری‌و كۆمه‌ڵایه‌تیی كوردستان بده‌ن؟ له‌سه‌رۆكی په‌رله‌مانیش ده‌پرسم: به‌ڕێز! ئێوه به‌قسه‌ی خۆتان سێ ساڵه ره‌خنه‌تان لێده‌گیرێ له‌سه‌ر یه‌كلانه‌كردنه‌وه‌ی ده‌ستور‌و گوێی لێناگرن، ئێستا چ قه‌وماوه وا به‌په‌له‌و له كاتی به‌سه‌رچودا ده‌تانه‌وێ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه كۆتایی پێ‌بێنن؟ تۆبڵێی له‌ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌ی داهاتودا دنیا ژێره‌وژور بێ؟
ده‌زانم له‌بارودۆخه نائاساییه‌كاندا زۆرجار درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی په‌رله‌مان ناچارییه، به‌ڵام له‌كوردستاندا، باری نائاسایی هۆكاری درێژكردنه‌وه‌كه نه‌بوه‌و نییه، به‌ڵكو كه‌مته‌رخه‌می ئیداره‌ی كوردی بوه، له‌سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمه‌وه تا ده‌گاته حكومه‌ت‌و په‌رله‌مان. بۆیه ئه‌م په‌رله‌مانه‌ی ئێستا په‌رله‌مانی (ته‌سریفی ئه‌عمال)ه، نه‌ك شه‌رعییه‌تی یاسادانان. به‌تایبه‌ت كه هه‌ڵبژاردنی نوێ ته‌نها یه‌ك هه‌نگاو لێمانه‌وه دوره.
له‌راستیدا ئه‌م سوربونه كتوپڕه‌ی په‌رله‌مانی به‌سه‌رچو له‌سه‌ر پرسی ده‌ستور، مه‌ترسی سیاسیی دو حیزبه باڵاده‌سته‌كه‌ی له‌پشته‌وه‌یه. مه‌ترسی له‌وه‌ی كه له‌هه‌ڵبژاردنی داهاتودا ئه‌و زۆرینه‌یه به‌ده‌ست نه‌هێننه‌وه كه ئێستا هه‌یانه‌و، نه‌توانن به‌سانایی‌و به‌وجۆره‌ی له‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆیانه، بڕیار له‌سه‌ر ده‌ستوری كوردستان بده‌ن. ده‌یانه‌وێ پێش ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی داهاتو ئۆپۆزسێونێكی به‌هێز بێنێته ناو په‌رله‌مانه‌وه، ئه‌وان به ده‌ستورێك كه شه‌رعییه‌ت به سیستمی سه‌رۆكایه‌تی ده‌دات‌و رێگه بۆ دروستكردنی دیكتاتۆر خۆش ده‌كات، ده‌سه‌ڵاتی په‌رله‌مانی داهاتو سنوردار‌و له‌راستیدا ئیفلیجی بكه‌ن. ئه‌مه له‌كاتێكدایه كه هه‌ردو حیزبه باڵاده‌سته‌كه له‌به‌غدا شه‌ڕێكی گه‌وره له‌گه‌ڵ مالیكی ده‌كه‌ن، چونكه داوای سیستمی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات‌و ده‌یه‌وێ سیستمی په‌رله‌مانی له‌عێراقدا نه‌مێنێ. پێده‌چێ پارتی‌و یه‌كێتی ئه‌و حه‌قه‌ی به خه‌ڵكی عێراقی ره‌وا ده‌بینین، به‌خه‌ڵكی وڵاته‌كه‌ی خۆیانی ره‌وا نه‌بینن‌و دروشمی خۆیان گۆڕیبێ بۆ "دیموكراسی بۆ عێراق‌و دیكتاتۆری بۆ كوردستان"!!!