ئاى سمارت له |
|
|
الرئيسية » 2009 » حوزەیران » 7 » ئه‌حمه‌د داود ئۆغڵو...خۆجه‌ی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا
16:36:51 ئه‌حمه‌د داود ئۆغڵو...خۆجه‌ی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا |
سه‌میر ساڵحه-ئه‌سته‌نبول - نوكته‌یه‌ك له‌نێو فه‌رمانبه‌رانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا باوه و ماوه‌یه‌ك ده‌وترایه‌وه پێش گه‌یشتنی ئه‌حمه‌د داود ئۆغڵۆی ڕاوێژكاری سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا بۆ پۆستی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه و سه‌نته‌ری دروستكردنی بڕیار له‌و وڵاته، نوكته‌كه ده‌ڵێت عه‌بدوڵڵا گولی سه‌رۆكی توركیا كه ئه‌وكات پۆستی كاروباری وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیای پێسپێردرابوو داوای له دیپلۆماته‌كانی توركیا كردبوو دۆسێیه‌كی بۆ ئاماده‌بكه‌ن ده‌رباره‌ی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه و هه‌ڵسوكه‌وتی چه‌ند وڵاتێك، ڕاپۆرته‌كه دوای هه‌فته‌یه‌كی ته‌واو ئاماده‌كرا و له‌نیو لاپه‌ڕه پێكهاتبوو به‌م شێوه‌یه: كۆمه‌ڵێك گه‌شتیاری بیانی بۆ خۆ ده‌رباز كردن له‌گه‌رمای مه‌كسیك چوونه نێو یه‌كێك له چایخانه‌كان، كاتێك شه‌ربه‌تی ساردیان بۆ هێنان، له‌هه‌ر په‌رداخێكدا مێشێكی تێدابووه، ئینگلیزه‌كه داوای گۆڕینی شه‌ربه‌ته‌كه و په‌رداخه‌كه‌ی كردووه، سویدییه‌كه داوای گۆڕینی ته‌نها شه‌ربه‌ته‌كه‌ی كردووه، فینله‌ندێكه مێشه‌كه‌ی به‌ده‌ستی ده‌ركرد و شه‌ربه‌ته‌كه‌ی خواردووه، یۆنانیه‌كه نیوه‌ی شه‌ربه‌ته‌كه‌ی خواردووه ئینجا ناڕه‌زایه‌تی خۆی ده‌ربڕیوه و داوای په‌رداخێك شه‌ربه‌تی تری كردووه، ژاپۆنێكه مێشه‌كه‌ی ده‌ركردووه و ناردوویه‌تیه‌وه بۆ وڵاته‌كه‌ی بۆ سوودوه‌رگرتن لێی له‌بواری زانستیدا، نه‌رویجێكه هه‌موو شه‌ربه‌ته‌كه‌ی خواردووه و مێشه‌كه‌ی هه‌ڵگرتووه بۆ ئه‌وه‌ی دواتر سوودی لێوه‌رگرێت له ڕاوكردنی ماسیدا، ئه‌مریكیه‌كه داوایه‌كی له‌به‌ره‌م دادگاكانی مه‌كسیك به‌رز كردووه‌ته‌وه و داوای ملیۆنێك دۆلاری كردووه و سه‌ركه‌وتنیشی له‌داواكه‌دا هێناوه. گویل و یاریده‌ده‌ره‌كه‌ی ده‌ستیان كردووه به‌پێكه‌نین و پرسیویانه: ئه‌ی ئه‌و كۆمه‌ڵه بیانیه توركیان تێدا نه‌بوو؟ یه‌كێك له فه‌رمانبه‌ره دێرینه‌كان له ڕووی ئه‌زموون و شاره‌زاییه‌وه وتویه‌تی: بێگومان توركیان تێدا بووه... بۆیه گویل پرسیویه‌تی ئه‌ی توركه‌كه چیكرد؟ دیپلۆماته‌كه وتویه‌تی: توركه‌كه زۆر به‌توندی ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕیوه له‌سه‌ر ڕووداوه‌كه و ئیدانه‌ی ئه‌نجامده‌رانی كردووه. وادیاره داود ئۆغڵۆ ئه‌و په‌یامه‌ی دواتر وه‌رگرتبێت و له مه‌غزاكه‌ی تێگه‌یشتبێت، بۆیه بڕیاریدا ده‌ست بكات به‌بنیاتنانی سیاسه‌تێكی هه‌رێمایه‌تی نوێ بۆ توركیا كه ته‌نها به ناڕه‌زایه‌تی و ئیدانه‌كردنی ڕووداوه‌كانه‌وه نه‌وه‌ستێت، به‌ڵكو پێش ڕووداوه‌كه بجوڵێت و ڕۆڵێكی كارای هه‌بێت له‌سه‌ر چه‌ند ئاستێك، كه تێیدا به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان تێكه‌ڵ به‌یه‌كبن، ئه‌مه جگه له تێگه‌یشتنی هه‌ڵوێستی وڵاتان و شێوازی كاركردن و زمانیان (چیرۆكی مێشه‌كه‌ش نموونه‌یه‌كی واقیعی نیشان ده‌دات به‌وه‌ی وڵاتان وه‌كو هاوڵاتیانیان وان، هه‌مان سیماتی ده‌روونیان هه‌یه و ده‌بێت لێی تێبگه‌یت پێش ئه‌وه‌ی پێشبینی هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی بكه‌یت). بۆیه ئۆغڵۆ ئه‌م چه‌مكانه‌ی دانا له‌پاڵ ئه‌و قاموسه گه‌وره‌یه هه‌یه‌تی له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان كه چه‌ندین ساڵ كاری تێكردووه به‌ناونیشانی (قوڵایی ستراتیژی) كه تێیدا چاره‌سه‌ری زۆرێك له مه‌سه‌له هه‌رێمایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و هه‌ڵوێست و ڕۆڵی توركیای ده‌رباره‌یان ده‌كات و چه‌ندین ده‌رس و عیبره‌تیان لێ وه‌رده‌گرێت، كه ده‌بێت سوودیان لێوه‌ربگیرێت له‌پێناو چالاككردنی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ڕۆڵه‌ی بگێڕێته‌وه كه هه‌یبوو له ناوچه‌كه‌دا. ئه‌م دیپلۆماته گه‌نج و له‌سه‌رخۆیه كێیه كه بووه‌ته ده‌نگی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا له مه‌سه‌له‌كانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست؟ ئه‌ی چۆن ده‌ڕوانێته په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا به وڵاتانی چوار ده‌وری و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی؟ داود ئۆغڵۆ ساڵی 1959 له‌شاری قونیای ناوجه‌رگه‌ی ئه‌نادۆڵ له‌دایكبووه، له‌نێو خێزانێكی موحافیزكار كه كاریگه‌ری گه‌شه‌ی ماڵه‌وه و شاره‌كه‌شی به‌سه‌ره‌وه‌یه كه جه‌لاله‌دین ڕۆمی عه‌لامه و فه‌قیه و شێخی ته‌ریقه‌تی سۆفییه. ئۆغڵۆ ساڵی 1984 خوێندنی له‌زانكۆی بسفۆر به‌شی زانسته سیاسییه‌كانی ته‌واوكرد كه وانه‌كان تێیدا به‌زمانی ئینگلیزی ده‌وترێنه‌وه و به‌یه‌كێك له‌گرنگترین زانكۆكانی توركیا داده‌نرێت، ئۆغڵۆ دواتر شه‌هاده‌ی ماسته‌ر و دكتۆرای له زانسته نێوده‌وڵه‌تیه‌كان به‌ده‌ستهێنا، دواتر له‌چه‌ندین زانكۆ كاری كرد له‌نێو توركیا و له‌ده‌ره‌وه‌ی كه گرنگترینیان زانكۆی ئیسلامی بوو له مالیزیا. ساڵی 1999 له‌پله‌ی ئه‌كادیمیدا نازناوی پرۆفیسۆری پێ به‌خشراو دوا پۆستی ئه‌كادیمیشی له‌زانكۆدا سه‌رۆكایه‌تی به‌شی په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان بوو له زانكۆی بیكانتی توركی. به‌هۆی شاره‌زایی له په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان گویل و ئه‌ردۆغان بانگهێشتیان كرد بۆ سه‌رپه‌رشتیكردنی ئه‌ركی ڕه‌سد و پلاندانان و به‌شداریكردن له دانانی سیاسه‌تی نوێ بۆ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا. دوای پێكهێنانی حكومه‌تی توركیا له‌لایه‌ن پارتی داد و گه‌شه‌پێدان كه له‌سه‌ر بنه‌مای ئیسلام كار ده‌كات و له‌چوارچێوه‌ی گۆڕان له سیاسه‌تی توركیا و پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌نقه‌ره به جیهانی ئیسلامی، كه ئه‌وه یه‌كێكه له كاره جێگرنگییه‌كان به‌نیسبه‌ت حكومه‌تی داد و گه‌شه‌پێدان كه جیهانی ئیسلامی به‌قوڵاییه‌كی ستراتیژی ده‌زانێت بۆ توركیا، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ئه‌و لاكردنه‌وه‌یه به‌ره‌و جیهانی ئیسلام وه‌كو وه‌ڵامێك بۆ گرانی چوونه نێو یه‌كێتی ئه‌وروپا بووه له‌لایه‌ن توركیاوه. داود ئۆغڵۆ نازناوی باڵیۆزی پێ به‌خشرا له‌ده‌ره‌وه‌ی سیلكی دیپلۆماسی ئه‌وه‌ش یه‌كێكه له‌كاره سه‌یره‌كان له بواری دیپلۆماسیه‌تی توركیادا، به‌ڵام ئۆغڵۆ زۆر به‌په‌له‌تر توانی نازناوێكی گرنگتر به‌ده‌ست بهێنێت ئه‌ویش باڵیۆزی فه‌وق ئه‌لعاده كه ده‌سه‌ڵاتی فراوانیشی پێدراوه و له‌لایه‌ن ئه‌ردۆغان و گویل، به‌ڵام ئۆغڵۆ به‌عه‌مه‌لی له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و نازناوه ڕه‌سمیانه وه‌كو (ئه‌ندازیاری سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا) كاری كردووه و وته‌بێژی ڕه‌سمی (داینمۆ)ی جوڵه‌كانی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا بووه له دانوستان و گفتوگۆكاندا، ئۆغڵۆ پرۆژه و ڕاسپارده‌ی ده‌رباره‌ی وه‌ستانی شه‌ڕ له‌غه‌ززه پێشكه‌شكرد، هه‌روه‌ها بۆ ده‌ركردنی بڕیاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایش ژماره 1860. چاودێرانی توركیا ڕه‌سدی جوڵه‌كانی ئۆغڵۆ ده‌كه‌ن له‌و كاته‌وه‌ی ناوی په‌یداكردووه پێش پێنج ساڵ له‌مه‌وبه‌ر و چه‌ندین دۆسێی ئاشكرا‌و نهێنیان ژماردووه كه ئه‌و سه‌رپه‌رشتی كردووه به‌ته‌واوی ده‌سه‌ڵات و متمانه‌وه له‌لایه‌ن ئه‌ردۆغانی سه‌رۆك وه‌زیران. یه‌كه‌م دۆسێ كه ئۆغلۆ سه‌رپه‌رشتی گرته ئه‌ستۆ مه‌سه‌له‌ی باشكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان توركیا و سوریا بوو كه ماوه‌یه‌ك زۆر ئاڵۆزبوو به‌هۆی پێشكه‌شكردنی هاوكاری له‌لایه‌ن حكومه‌تی سوریه‌وه بۆ پارتی كرێكارانی كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تی عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان. ئۆغلۆ سه‌ركردایه‌تی پرۆسه‌ی ئاشتكردنه‌وه‌ی هه‌ردوو باڵی فه‌تح و حه‌ماسی فه‌له‌ستین و به‌شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆش به‌شداری هه‌ڵمه‌تی عه‌ره‌بی به سه‌رۆكایه‌تی سعودیه و میسر و قه‌ته‌ر له پاڵ سوریا كرد سه‌باره‌ت به ڕاگرتنی جه‌نگی ئیسرائیل له‌لوبناندا له هاوینی 2006. ئۆغڵۆ پاڵه‌وانی كاركردنی توركیایه به ئاڕاسته‌ی كه‌نداوی عه‌ره‌ب كه زۆر حكومه‌تی توركی یه‌ك له‌دوای یه‌ك نرخی مێژوویی و ئابووری و ستراتیژی ئه‌و ناوچه‌یه‌یان په‌راوێزخستبوو. هه‌ر ئۆغڵۆش سه‌ره ڕمی ئه‌و هه‌ڵمه‌ته توركیه بوو بۆ كرانه‌وه به ڕووی ئێران و قه‌ناعه‌تپێكردنی به‌گرتنه‌به‌ری سیاسه‌تێكی هه‌رێمایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تی نوێ سه‌باره‌ت به‌وه‌ده‌ستهێنانی چه‌كی ئه‌تۆمی، ئۆغڵۆ سه‌رپه‌رشتی یه‌كێك له‌مه‌سه‌له هه‌ستیاره‌كانیشی كرد كه ئه‌ویش په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا- ئه‌رمینیایه و ئاماده‌كارییه‌كی زۆر وردی بۆ سه‌ردانی مێژوویی عه‌بدوڵڵا گویل كرد بۆ ئه‌رمینیا. ئه‌وه‌ی ئۆغڵۆ ده‌ناسێت ده‌زانێت ئه‌و كه‌سێكه به‌ره‌و ڕوو قسه‌ده‌كات به‌بێ خۆشاردنه‌وه له‌پشت زمانی دیپلۆماسیه‌ت، ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت ڕاسته‌وخۆ ده‌ریده‌بڕێت، ئه‌و موراهه‌نه له‌سه‌ر ئاینده‌یه‌كی گه‌ش بۆ په‌یوه‌ندییه توركیه- عه‌ره‌بیه‌كان و توركیه-ئیسلامییه‌كان ده‌كات.. ئه‌وانه‌ی لێوه‌ی نزیكن ئه‌وه‌ی لێده‌گێڕنه‌وه كه پێشبینی ئه‌وه ده‌كات دۆسێی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بێته‌وه ده‌ست توركیا و توركیا ئه‌وله‌ویه‌ت بدات به‌په‌یوه‌ندیه‌كانی توركیا له‌گه‌ڵ وڵاتانی ناوچه‌كه.. ئۆغڵۆ وای ده‌بینێت ئاشته‌وایی و دانوستانی ڕووبه‌ڕوو له‌نێوان توركیا و عه‌ره‌ب و ئێران ده‌بێته ناوه‌ڕۆكی (پرۆژه‌ی هه‌رێمایه‌تی توركیا) و به‌شێوه‌یه‌كی عوسمانی عه‌لمانیكراو.. ئۆغڵۆ وته‌بێژێكه كه‌س جیا ناكاته‌وه و دژایه‌تی كه‌سیش ناكات، به‌ڵام به‌رژه‌وه‌ندیی سێ لایه‌نه ده‌خاته سه‌روو هه‌ر ئیعتیباراتێكی تر. له‌وه‌ته‌ی حكومه‌تی داد و گه‌شه‌پێدان له توركیادا ده‌ست به‌كاربووه له 2002دا ئه‌وا سیاسه‌تی توركیا واقیعی و عه‌مه‌لی و زمانێكی مرۆڤایه‌تی له‌پاڵ ئامانجی سه‌ره‌كی هه‌رێمایه‌تی گرتووه‌ته به‌ر كه ئه‌ویش قه‌ناعه‌تپێكردنی وڵاتانی ناوچه‌كه‌یه به‌سیاسه‌تی هه‌رێمایه‌تی نوێ كه خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌و كه‌شی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه و ناكۆكی و جه‌نگه به‌رده‌وامه ڕزگار بكات به‌ره‌و جێگیری و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ جیهاندا، بۆیه له‌مڕۆوه بایكۆتكردن و په‌راوێزخستن و دووره‌په‌رێزگرتن نامێنێت. داود ئۆغڵۆ چه‌ندین جار وتوویه‌تی كێشه‌یان نییه له‌گه‌ڵ خۆرئاوادا، به‌ڵام كێشه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌و جیابوونه‌وه مێژووییه دوورودرێژه‌یه له‌گه‌ڵ خۆرهه‌ڵاتدا، ئۆغڵۆ ڕه‌خنه له خۆدوورخستنه‌وه له خۆرهه‌ڵات و له‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆرئاوا ده‌گرێت له ڕێگه‌ی په‌راوێزخستنی ڕۆڵ و پێگه‌ی توركیا له‌گه‌ڵ موحیته عه‌ره‌بی و ئێرانی و هه‌رێمایه‌تیه‌كه‌ی. یه‌كێك له كاره‌كانی توركیا له‌سه‌رده‌می ئۆغڵۆ گه‌یاندنی توركیابوو به‌كورسیه‌كی هه‌میشه‌یی له‌ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تیدا و له‌ئێستاوه توركیا كار بۆ ئه‌وه ده‌كات ئه‌و ئه‌ندامێتیه هه‌میشه‌ییه درێژبكاته‌وه. بۆڵنت ئاراسی ئه‌كادیمیستی توركی ده‌رباره‌ی ئۆغڵۆ ده‌ڵێت: ئۆغڵۆ له ساڵی 2004ه‌وه هێزێكی زۆری به‌خشییه دروشمی گۆڕان له‌سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیادا، له‌و پێناوه‌شدا ئه‌و تیۆری زۆری له‌سه‌ر نووسیبوو پێشتر له‌گه‌ڵ جێبه‌جێكردن و په‌یڕه‌وكردنه‌ی له‌كاتی كاركردنی له‌گه‌ڵ گه‌وره دیپلۆماتكارانی توركیادا ئاوێته‌ی یه‌ككرد، ئۆغڵۆ خاوه‌نی قاموسی (قوڵایی ستراتیژی)یه و چه‌ندین نووسراوی تری هه‌یه كه بۆ چه‌ندین زمانی بیانی وه‌رگێڕدراون، ئۆغڵۆ ئه‌ڵمانی و ئینگلیزی زۆر به‌باشی قسه پێده‌كات و عه‌ره‌بیش به‌خوێندنه‌وه و تێگه‌یشتن باش ده‌زانێت و له‌پاڵ قسه‌كردنێكی كه‌م پێی. به‌ڵام له پاڵ ئه‌مه‌شدا چه‌ندین ده‌نگی تر هه‌ن ڕه‌خنه له ئۆغڵۆ ده‌گرن به‌وه‌ی تاك لایه‌نانه بڕیارده‌دات و هه‌ر خۆی سه‌ركردایه‌تی پرۆژه‌كانی گۆڕان و نوێكردنه‌وه ده‌كات له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا و گوێ به‌سوپایه‌ك له دیپلۆماتكاران نادات كه له‌پاڵیدا ئیش ده‌كه‌ن. چه‌ندین لایه‌نیش هه‌ن هۆشداری ئه‌و نه‌زعه نه‌ته‌وه‌ییه- ئیسلامیه ده‌ده‌ن له‌سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ردۆغان-داود.. كاتێك جنیت ئولسفاری نووسه‌ری توركی ڕه‌خنه‌ی له‌بۆچوونه‌كانی ئۆغڵۆ گرت و به بیركردنه‌وه‌یه‌ك وه‌سفی كرد كه پشت به ئاڕاسته‌ی نه‌ته‌وه‌یی و سه‌قفێكی واقیعی سیاسی ده‌به‌ستێت، فیكره‌ت بیلای ڕۆژنامه‌نووسی توركی وه‌ڵامی دایه‌وه: عه‌یب له‌وه‌دا چییه، چونكه چه‌ندین ته‌رح هه‌یه وای له‌ئه‌ردۆغان كرد گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئیسرائیل بكات و بكرێته‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌دا، هه‌روه‌ها ڕازیش بوو به‌هێزه‌كانی ئه‌مریكا و ڕۆڵی له ناوچه‌كه، به‌ڵام له‌پاڵ ئه‌وه‌شدا خۆی پابه‌ند نه‌كرد به ڕازی بوون له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و كارانه‌ی واشنتۆن ده‌یكات؟ چه‌ندین ناڕه‌زایه‌تی و ڕه‌خنه‌ش خۆیان له هێرشبردنه سه‌ر ئه‌و گۆڕانكارییه بنه‌ڕه‌تیه ده‌بینێـته‌وه كه له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیادا كراوه، كه خۆرئاوا ده‌ترسێنێت به‌تایبه‌ت ئه‌مریكا و ئه‌وروپا، چونكه هه‌ندێك وای ده‌بینن ئه‌وه زیان به به‌رژه‌وه‌ندییه زیندووه‌كانی توركیا ده‌گه‌یه‌نێت، ڕه‌نگه هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مانه‌ش له‌ماوه‌ی دواییدا چه‌ندین ده‌نگی ئه‌وروپی به‌رز بوونه‌وه به‌تایبه‌ت له‌لایه‌ن فه‌ڕه‌نسا و ئه‌ڵمانیاوه بۆ ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین له‌سه‌ر به‌ئه‌ندامبوونی توركیا له‌یه‌كێتی ئه‌وروپا و كاركردن به‌ئاراسته‌ی ئه‌نجامدانی چه‌ند پرۆژه‌یه‌كی هه‌رێمایه‌تی كه ڕێگه له جوڵه‌كانی توركیا بگرێت له ناوچه‌كه‌دا. نووسه‌ر و شاره‌زای تورك عومه‌ر تاش بینار سووره له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی توركیا بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێت له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌دا ئه‌وا ده‌بێت ته‌وازن و ڕێككه‌وتن بكات له نێوان (بنه‌ماكانی ده‌وڵه‌تی كه‌مالی) و ته‌رحی (عوسمانی نوێ) كه له‌ماوه‌ی دواییدا كه‌وتووه‌ته سه‌ر زاران و ڕوونیشیكرده‌وه به‌بێ ئه‌وه توركیا ناتوانێت به‌ئاسانی مه‌وازنه له‌نێوان په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌خۆرئاوا و خۆرهه‌ڵاته‌وه بكات. داود ئۆغڵۆ وه‌ڵامی ڕه‌خنه‌گرانی ده‌داته‌وه به‌وه‌ی جوان نییه بۆ توركیا ته‌نها سه‌یركه‌ر بێت به‌رامبه‌ر به‌و مه‌سه‌لانه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ و په‌یوه‌ندیان پێوه‌ی هه‌یه، توركیا ده‌یه‌وێت ماف و پێگه‌ی خۆی وه‌رگرێته‌وه وه‌كو ده‌وڵه‌تێكی نموونه‌یی له ڕووی میراتی ڕۆشنبیری و ئاینی و مێژوویی له‌ناوچه‌كه. داود ئۆغڵۆ ئه‌مڕۆ ئه‌ندازیاری سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیایه و به (پیاوی سێبه‌ر) و (خاوه‌نی ده‌ستی باڵای) ناوده‌برێت له توركیا و له‌نێو هۆڵه‌كانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته، به‌ڵام ئه‌و هه‌رده‌م نازناوی (خۆجا) به‌واتای (مامۆستا یان موده‌ریسی) پێ باشتره كه ئه‌ردۆغان زۆرجار به‌كاری ده‌هێنێت كاتێك باسی ئه‌و ده‌كات. • وه‌رگێڕانی: گۆران فه‌تحی *ڕۆژنامه‌ی شه‌رق لئه‌وسه‌ت 2/5/2009
|
الفئة: بابه‌تى تر |
مشاهده: 705 |
أضاف: Abdullakurd
| الترتيب: 0.0/0 |
إضافة تعليق يستطيع فقط المستخدمون المسجلون [ التسجيل | دخول ]
|
بۆكس ئۆفێس | پرِ داهاترین فیلمه‌كانى ئه‌م هه‌فته‌یه‌ى سینه‌ماكانى ئه‌مریكا |
داتاكان |
کۆى ئەوانە لەسەر هێڵن: 1 میوانان: 1 ئەندامان: 0 |
|