داهێنان.نێت
له‌به‌شی دووه‌م‌و كۆتایی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی داهێناندا، نوسه‌رو رۆشنبیر، ته‌حسین حه‌مه غه‌ریب، ئه‌و هۆكارانه روونده‌كاته‌وه كه واده‌كات ڕێكخراوه‌كان ڕۆڵی خۆیان نه‌بینن، پێشیوایه ئه‌گه‌ر ته‌نها ڕێكخراوه قوتابی و خوێندكارییه‌كان چاك بكه‌ین بۆ ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه، ئیتر به‌سه. هه‌روه‌ها پێیوایه گه‌نجی كورد بێوێنه‌یه له جیهاندا. ته‌حسین حه‌مه غه‌ریب له‌م به‌شه‌ی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌دا باس له دروستبوونی فه‌زای گشتی و رۆڵی گه‌نجان ده‌كات تێیداو به گرنگیشی وه‌سفده‌كات.
داهێنان: ئایا ده‌توانین بڵێین ڕێكخراوه‌كان وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا بونیان هه‌یه له‌په‌راوێزدان یان له‌سه‌نته‌ردان؟ هیچیان پێده‌كرێت یان هیچیان پێناكرێت؟ له‌فه‌زاو هه‌ره‌می خۆیاندان تاوه‌كو ئیشی تیابكه‌ن؟ ئه‌و له‌مپه‌رانه‌چین كه‌له‌به‌رده‌میاندان؟ ئه‌وان چۆن بیانبه‌زێنن؟
ته‌حسین حه‌مه‌غه‌ریب: له‌هه‌موو سه‌رده‌مێكدا سیستمی سیاسی ته‌راكومیه‌ته (كه‌ڵه‌كه‌بوون)، ئه‌وه‌تا له‌خواره‌وه تاك هه‌یه ئه‌نجا خێزان‌و هۆزو كۆمه‌ڵگه‌و نه‌ته‌وه‌كان، ئه‌نجا ده‌وڵه‌ت هه‌یه، ئه‌وه ئیمپراتۆریه‌تیش بوونی هه‌بوو، له‌سه‌رده‌می نوێیشدا به‌هه‌مان شێوه كاتێك ئه‌م زنجیره ده‌ڕوات به‌ره‌وژوور ئه‌گه‌ر له‌سه‌ره‌وه ئه‌وه‌ی سه‌روتر ئه‌ركی خۆی جێبه‌جێنه‌كرد ئه‌و دێته‌خواره‌وه‌و ئه‌وه‌ی خواره‌وه‌ش دێته خواروتره‌وه، بۆ نمونه ئێستا ئێمه تاكمان هه‌یه، تاكی كوردی زۆر باشمان هه‌یه كه به‌بۆچوونی من خێزان و ده‌زگا نه‌ریتیه‌كانیش ڕۆڵی خۆیان ده‌بینن، ڕێكخراوه مه‌ده‌نییه‌كانیش، به‌تایبه‌تی ڕێكخراوه‌كانی گه‌نجان و قوتابیان ئه‌یانه‌وێت ڕۆڵی خۆیان ببینن، به‌ڵام گرفتیان ئه‌وه‌یه كه له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌زگاكانی سه‌رووی ئه‌وان ڕۆڵی خۆیان نابینن، ئیتر ئه‌مان دێنه‌خواره‌وه، وه‌كو چۆن كاتی خۆی هه‌تا دروستبوونی كۆمه‌ڵه‌كان جاچ ته‌ریقه‌ته‌كانی ته‌سه‌وف بێت یان ئه‌ماره‌ته‌كان‌و میره‌كان بێت دروستده‌بوون، كاتێك كه ئه‌ماره‌ته‌كان تیاده‌چوون ئیتر ئه‌وانیش ده‌هاتنه‌خواره‌وه‌و ئیتر ئاغا‌و شێخ و مه‌لاكان ده‌بوونه خاوه‌نی كۆمه‌ڵگه.
داهێنان: له‌ولاتێكدا كه یاسا سه‌روه‌ر نییه، ده‌وڵه‌ت به مانا مۆدرێرنه‌كه‌ی بوونی نییه، حیزب ئه‌م رۆڵه ده‌گێرێت و رێكخراوی زۆروزه‌به‌ند دروستده‌كات، ئایا ئه‌مانه كۆسپب بۆ كاری رێكخراوه‌یی دروست ناكه‌ن؟
ته‌حسین حه‌مه غه‌ریب: له‌وڵاتی ئێمه‌شدا كاتێك كه‌ده‌وڵه‌ت بوونی نییه و هه‌تا ئێستاش ئێمه ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ییمان بوونی نییه، من باسی ئه‌وه ناكه‌م ئێستا له كوردستان چی ده‌كرێت، به‌ڵام به‌مانا فیكری و فه‌لسه‌فیه‌كه‌ی ئێمه ده‌وڵه‌تمان نییه، مادام ده‌وڵه‌تمان نییه، ئیدی ده‌وڵه‌ت دێته خوار خۆیه‌وه بۆ حیزبه‌كان و خێڵه‌كان، جاران هه‌ر حیزبه‌كان باسی ڕێكخراویان ده‌كرد ئێستا خێڵه‌كانیش هه‌ر یه‌كه‌و ڕێكخراو بۆ خۆیان دروستده‌كه‌ن، ئه‌و ڕێكخراوانه‌ی تایبه‌تن به‌خێڵی جاف و گۆران و هه‌وارمی و بادینی و... هتد. یانی كاتێك ڕێكخراو ڕۆڵی ده‌بێت كه له‌ناو سیستمێكی هه‌ره‌میدابێت، چونكه ڕێكخراو ئیشی ئه‌وه‌یه قسه‌ی خواره‌وه ده‌گوازێته‌وه بۆ ده‌وڵه‌ت. كه ده‌وڵه‌ت بوونی نه‌بێت ده‌كه‌وێته خواره‌وه. به بۆچوونی من یه‌كێك له‌هۆكاره سه‌ره‌كیه‌كان كه ڕێكخراوه‌كان له‌وڵاتی ئێمه‌دا ڕۆڵی خۆیان نابینن، ئه‌گه‌رچی خه‌ڵكی چالاك و خۆبه‌خشیان تێدایه. من گه‌ڕاوم و هه‌ندێ شوێنم له‌وڵاتان بینیووه، واده‌زانم كه گه‌نجی كورد له دنیا وێنه‌ی نییه بێ موباله‌غه من له به‌ریتانیا گه‌نجه‌كانم ده‌بینی له قسه‌یان تێنه‌ده‌گه‌یشتی چونكه هه‌موویان سه‌رخۆش بوون و هه‌رده‌یانوت بێنه بابیخۆین، به‌كورتی مشه‌خۆرن، گه‌نجی كورد هه‌یه كه چه‌ند بنه‌ماڵه‌ی به‌سه‌ره‌وه‌یه‌و به‌خێویان ده‌كات له‌سه‌رده‌می قوتابی بونیشدا، له‌كاتێكدا ده‌بێت ده‌وڵه‌ت خزمه‌تی بكات. ئه‌و شته‌ی له‌خوار ده‌وڵه‌ته‌وه‌یه لای ئێمه دوو شته (حیزب و خێڵ) له‌به‌رئه‌وه ده‌كه‌وێته ژێریانه‌وه، من كاتێك خۆم هه‌ڵده‌بڕم شتێك نه‌بێت ده‌ستی پێوه‌بگرم ده‌كه‌ومه خواره‌وه.
داهێنان: ئێمه ڕێكخراوه‌ی قوتابی و خوێندكاریمان زۆره، به‌هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی كه‌ئاماژه‌ت پێكردو به‌هه‌موو كێشه‌كانیشیانه‌وه ئه‌مانه ده‌توانن چیمان پێشكه‌ش بكه‌ن؟ دوای ئه‌وه‌ی هه‌موو تواناكانیان بخه‌نه گه‌ڕو ئیراده‌شیان هه‌بێت، له كۆمه‌ڵگایه‌كدا كه به‌ڕێزت وتت هه‌ره‌می تێكچووه به‌سه‌ر یه‌كدا؟
ته‌حسین حه‌مه‌غه‌ریب: به‌بۆچوونی من ئه‌م ڕێكخراوانه ده‌توانن له‌دوو ڕه‌هه‌نده‌وه ئیشبكه‌ن، له‌ڕه‌هه‌ندی ئه‌وه‌ی كه هه‌یه، فه‌لسه‌فه‌ی مه‌رامی دروستبوونی ڕێكخراوه‌كه‌یان كه‌خزمه‌تكردنه به‌و توێژه‌ی كه‌ئه‌وان نوێنه‌رییان ده‌كه‌ن، دووه‌میشیان كاریگه‌رییان له‌فه‌زا گشتیه‌كه وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌شوێنه‌كانی دیكه‌ی دونیا ده‌یبینین. ئێستا ڕێكخراوه كرێكارییه‌كانی دونیا له‌دوو ڕه‌هه‌نده‌وه ئیشده‌كه‌ن بۆ به‌رگریكردن له‌مافی كرێكاران و بۆ ڕاستكردنه‌وه‌ی ئه‌و لاریانه‌ی كه‌له‌ناو كۆمه‌ڵگاو سیستمی سیساسیدا دروستده‌بێت و له‌بواره‌كانی دیكه‌دا دروستده‌بێت، هه‌ربۆیه له‌هه‌ندێ وڵات‌دا ڕێكخراوه مه‌ده‌نییه‌كان ده‌بنه به‌دیلی سیاسییه‌كان. ڕێكخراوه قوتابی و خوێندكارییه‌كانی كوردستانیش ده‌توانن له‌هه‌ردوو ڕه‌هه‌نده‌كه‌وه باش ئیشبكه‌ن، چونكه كاتێك بوون به كۆمه‌ڵ ده‌سه‌ڵات لێیانده‌ترسێت ئه‌و قسه‌ی ڕێبوار سیوه‌یلی زۆر ڕاسته كه ده‌ڵێت حیزبه‌كان ئه‌گه‌رچی بچوكن مادام حیزبن ده‌سه‌ڵات لێیانده‌ترسێت. قوتابیانیش با به‌حساب شتیشیان به‌ده‌ستنه‌بێت، مادام ڕێكخراوه‌یین ده‌سه‌ڵات حسابیان بۆ ده‌كات و لێیان ده‌ترسێت، له‌به‌رئه‌وه من ئه‌وه دووباره ده‌كه‌مه‌وه داوای من له‌قوتابیان ئه‌وه‌یه كه‌خه‌ریكی دروستكردنی ڕێكخراوه‌كان بن، چونكه قوتابیان ئه‌گه‌ر زۆر زۆریش بن مادام تاك بن و به‌تاكی مامه‌ڵه‌بكه‌ن له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات و له‌ناو كۆمه‌ڵگادا، ناتوانن ئه‌و ڕۆڵه‌ی خۆیان ببینن. به‌ڵام كه‌بوونه ڕێكخراو بۆ خۆی شتێكه، دوای ئه‌وه‌ش چه‌ند ئه‌خلاقیانه‌بن و چه‌ند له‌گه‌ڵ فه‌لسه‌فه‌ی ڕێكخراوه‌كه‌ی خۆیاندا ڕاستگۆبن زیاتر ڕۆڵیان ده‌بێت. هه‌روه‌ها هه‌وڵبده‌ن كاریگه‌رییان له‌سه‌ر فه‌زای گشتی هه‌بێت، چونكه ده‌سه‌ڵات ته‌نها حساب بۆ ئه‌م ڕه‌هه‌نده‌یان ده‌كات، كاتێك حساب بۆ بۆڕێكخراوێك ده‌كات هه‌ست بكات كه‌ئه‌م ڕێكخراوه ده‌یه‌وێت سیستمی سیاسی بگۆڕێت و ده‌یه‌وێت مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌ودابكات‌و فشاری له‌سه‌ر دروستده‌كات.
داهێنان: یانی تۆ ده‌ته‌وێت بڵێیت با قوتابی بازبدات به‌سه‌ر هه‌موو ناسۆرییه‌كانی خۆیدا و بازبدات به‌سه‌ر شته ورده‌كارییه‌كانی ژیانی خۆی و پێداویستی‌و بژێوی و مافه سه‌ره‌تاییه‌كانیدا، یان به‌پێچه‌وانه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌ودا ژیان وه‌ك گشته‌یه‌ك وه‌ربگرێت و له‌هه‌موو ڕه‌هه‌نده‌كانه‌وه هه‌نگاوی خۆی هه‌ڵبگرێت؟
ته‌حسین حه‌مه غه‌ریب: به‌پێچه‌وانه‌وه هه‌رگیز ناكرێت، چونكه ژیانه گشتییه‌كه له‌و شته ورد‌و به‌شیانه‌وه دروستده‌بێت، من ده‌ڵێم ده‌بێت له‌ته‌فاسیل بكۆڵینه‌وه‌و بچینه ناو ورده‌كارییه‌وه، چونكه سه‌رده‌می مێژووی گشتیی كۆتایی هاتووه، ئێمه له‌سه‌رده‌می ورده مێژوودا ده‌ژین. یانی ئه‌و ژیانه گشتی و فه‌زاگشتیه‌ی كه‌هه‌یه هه‌رهه‌مان شته ورده‌كان دروستیده‌كات. قوتابی ده‌بێت بزانێت كه ئه‌وان تاكێكن و چه‌مكی هاوڵاتی بوون بۆ ئه‌وانیشه كه له‌ناو ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌دا ده‌ژین، به‌ڵام هه‌رگیز خۆیان قورخنه‌كه‌ن له‌خۆیاندا، چونكه وه‌زیفه‌ی مرۆڤبوونیان له‌م سه‌رده‌مه‌و وه‌زیفه‌ی ئه‌خلاقیشیان ئه‌وه‌یان لێ داواده‌كات، چونكه ئه‌گه‌ر ئافره‌تان و كرێكار‌و قوتابی بڕۆن هه‌ر خه‌می كێشه‌كانی خۆیان بێت، ئیتر چۆن فه‌زاگشتیه‌كه بگۆڕێت دواجار چۆن فه‌زاگشتیه‌كه دروستببێت. یانی وه‌زیفه‌ی ئه‌خلاقی له‌پشت هه‌موو وه‌زیفه‌یه‌كه‌وه‌یه. ئه‌سڵه‌ن من كه ئێستا قوتابی نیم له‌سه‌رمه كه‌خه‌می قوتابی بخۆم، چونكه ئێمه بۆ خۆمان هه‌رچه‌ندبێت هه‌ر كه‌سین ده‌بێت كۆمه‌ڵگه پشتگیریمان بكات و یه‌كێك له‌گرفته‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه له‌م خاڵه‌دایه كه‌هه‌ر توێژێك بۆ خۆی خه‌ریكی سه‌ندنی مافه‌كانی خۆیه‌تی، دواجار ئه‌و هه‌رچه‌ندبێت هه‌ر كه‌مه بۆیه توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگه ده‌بێت له‌خه‌می ته‌واكردنی ئیشی یه‌كتردابن.
داهێنان: ئێستا قوتابی له‌په‌راوێزدایه، قه‌یرانی ناوخۆیی هه‌یه‌و لاوازیش له‌سه‌ر ئاستی نه‌ته‌وه‌دا هه‌یه، تاچه‌نده قوتابی به‌رپرسیاره له‌م دۆخه؟ كه‌تۆ زۆر له‌ئه‌ركه‌كانت خسته ئه‌ستۆیان، وانابینیت زۆرتر له‌ئه‌رك و توانای خۆییت سپاردبێت پێیان؟ ته‌حسین حه‌مه‌غه‌ریب: بامن تێبینی ئه‌وه‌بده‌م ئه‌وه‌ی كه‌داوا له‌قوتابیان ده‌كه‌م داوا له‌هه‌موو چین و توێژه‌كانیش ده‌كه‌م نه‌ك به‌رپرسیارێتی كۆتایی بخه‌مه سه‌رشانی قوتابی، چونكه هه‌رهه‌مان به‌رپرسیارێتیش داوا له‌پیره‌كانیش ده‌كه‌م و داوا له‌مامۆستاو ئافره‌تانیش ده‌كه‌م، چونكه ئه‌م شتانه قابیلی له‌تكردن نین وه‌ك زۆرجار وتومه له‌فه‌لسه‌فه‌ی عه‌داله‌تدا هاتووه عه‌داله‌ت له‌تكرا ده‌بێته ناعه‌داله‌تی.
داهێنان: ده‌ته‌وێت بڵێیت قوتابیان له‌گه‌ڵ توێژه‌كانی تردا هاوته‌ریب به‌رپرسیارێتی ده‌كه‌وێته سه‌ر شانیان، یان قوتابیان به‌حوكمی ئه‌وه‌ی زیاتر پێویستیان له خزمه‌تكردن و پێگه‌یاندنه ئه‌ركی زۆریان ناكه‌وێته ئه‌ستۆ، یاخود قوتابیان زیاتر له‌مامۆستایان و ئافره‌تان و كرێكاران ئه‌ركیان له‌ئه‌ستۆیه هه‌روه‌ك زۆرێك به‌نوكی ڕم و پێشه‌نگی خه‌بات ناویانده‌به‌ن؟
ته‌حسین حه‌مه‌غه‌ریب: وه‌ك پێشتر ئاماژه‌م پێدا عه‌داله‌ت كاتێك كه له‌تكرا ده‌بێته ناعه‌داله‌تی چونكه چه‌مكێكی گشتیه، ئه‌وه‌ی كه‌من داوایده‌كه‌م له قوتابیان بۆ هه‌موو توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگاشه نه‌ك ته‌نها قوتابیان، به‌ڵام لێره ئه‌مه ده‌چێته سه‌رئه‌وه‌ی كه‌چۆن وایلێبێت كه‌پرسیاری گۆڕان دواجار ڕووبه‌ڕووی قوتابیان ده‌كرێته‌وه. له‌ڕاستیدا ده‌مه‌وێت شتێك بڵێم هه‌ر بۆئه‌وه‌ی ئیزافه‌یه‌كی زانستی بێت له‌م بواره‌دا. ده‌وترێت گوایه له‌سه‌رده‌می یۆنانییه كۆنه‌كاندا فه‌یله‌سوفه‌كان باوه‌ڕیان به‌دیموكراسی نه‌بووه، به‌ڵام "لیڤی شتراوس" جوان ئه‌وه شیده‌كاته‌وه كه ده‌ڵێت "فه‌یله‌سوفه‌كانی یۆنان باوه‌ڕیان به‌دیموكراسی زۆر بوو، به‌ڵام بیریان له‌وه ده‌كرده‌وه دیموكراسی پێویستی به‌چی هه‌بوو؟ دیموكراسی پێویستی به‌وه‌بوو كه‌مرۆڤ كاتی هه‌بێت بۆئه‌وه‌ی بیر له‌شته‌كان بكاته‌وه، ئه‌نجا بڕیاربدات.
چونكه دیموكراسی له‌كۆتاییدا بریتییه له‌ڕاپرسی گشتیی مرۆڤه‌كان، ده‌بێت له‌شته‌كان تێبگه‌ن ئه‌نجا ڕاده‌ربڕن له‌به‌رئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا هه‌رگیز ناگاته ئه‌وه‌ی كه كاتی تێگه‌یشتنی هه‌بێت، چونكه بۆ ئه‌مه ده‌بێت هه‌موو مرۆڤه‌كان ده‌وڵه‌مه‌ندبن‌و دوای ئه‌وه‌ش كه ناكرێت هه‌موو مرۆڤه‌كان ده‌وڵه‌مه‌ندبن ئیدی دیموكراسی به‌لای فه‌یله‌سوفه‌كانه‌وه نابێته شتێكی پراكتیكی. له‌ڕاستیشدا ئه‌مه بۆ قوتابیانیش ڕاسته، ئه‌و به‌رپرسایه‌تیه‌ی كه‌ده‌كه‌وێته سه‌رشانی قوتابیه‌ك هه‌مان به‌رپرسایه‌تییه كه‌ده‌كه‌وێته سه‌رشانی پیره ژنێك له‌ماڵه‌وه‌و پیره پیاوێك و كه‌سێكی كاسبی ناو بازاڕه... هتد، به‌ڵام گرفته‌كه له‌وێدایه كه‌ئه‌مان زۆرترین ده‌رفه‌ت و كه‌مترین له‌مپه‌ر له‌به‌رده‌میاندایه. هه‌ر له‌به‌رئه‌مه‌ش دیموكراسی و ته‌نانه‌ت هه‌ڵبژاردنه‌كانمان بێ ناوه‌ڕۆكن، چونكه یه‌كێك ده‌چێت بۆ ده‌نگدان كه‌بواری بیركردنه‌وه‌و به‌دواداچوون و تێگه‌یشتنی نه‌بووه‌و ڕاكه‌شی وه‌رده‌گیرێت.
داهێنان: پێت وایه به هۆی هه‌ندێك تایبه‌تمه‌ندییه‌وه كه په‌یوه‌ستن به كه‌سێتی گه‌نجه‌وه، چاوه‌ڕوانی شتی زیاتری لێبكرێت له به‌ته‌مه‌نه‌كان؟
ته‌حسین حه‌مه غه‌ریب: قوتابیان له‌زه‌مه‌نێكدا ڕه‌نگه تاڕاده‌یه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌رپرسایه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌یداكردنی بژێوی كه‌متر ڕووی تێكردوون‌و كاتی زیاتری بێت له‌خه‌ڵكی تر بۆئه‌وه‌ی شته گشتییه‌كان به‌لایه‌وه ڕوونبن، ئه‌مه له‌لایه‌ك و له‌لایه‌كی تریش له‌ڕاستیدا قوتابیان به‌و حوكمه‌ی كه گه‌نجن‌و گه‌نجیش هێشتا ژیان نه‌یترساندووه، به‌و جورئه‌ته‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ شته‌كاندا ده‌كات، هه‌میشه چاوه‌ڕێی لێده‌كرێت، به‌پێچه‌وانه‌ی باوكییه‌وه كه خواخوایه‌تی نانی خۆی و مناڵه‌كانی نه‌بڕن، له‌به‌رئه‌وه قسه‌ناكات. له‌به‌رئه‌م دوو شته یانی دیوێكی ئه‌خلاقییه كه‌جورئه‌تی زیاتره، له‌به‌رئه‌وه‌ی ڕوحانیتره كه له‌شوێنی تر وتوومه‌و ئازاتره، به‌دیوێكی تردا له‌به‌رئه‌وه‌ی كاتی له‌خه‌ڵكی تر زیاتره. جگه له‌مه‌ش به‌حوكمی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی كه له‌نێوان بیركردنه‌وه‌و جوان بینین‌دا هه‌یه، جوان بینی له‌گه‌نجدا زۆرتر نومایانه‌تره تاوه‌كو له‌پیردا. ئیهتیماماتی گه‌نج به‌بیركردنه‌وه‌و به‌جوان بینی و شیعر نوسین و به‌خه‌یاڵ كردن و .... هتد زۆرتره، هه‌موو ئه‌وانه كۆبكه‌یته‌وه كه قوتابی شتێكی نییه بیدۆڕێنێت، ده‌شبێت ئه‌و ناوه‌ندو ده‌زگایه‌ی كه‌ئه‌م ئیشی تێداده‌كات زیاتر ئه‌و ئیهتیماماتانه‌ی بێت كه ئه‌مه‌ش به‌دڵنیاییه‌وه هاوكاری ئه‌وه‌یه، بۆ نموونه كه‌سێك كه‌قوتابی كۆمه‌ڵناسی و جوگرافیا‌و یاسا‌و سیاسه‌ته، حه‌تمه‌ن زیاتر بیر له‌و بابه‌تانه ده‌كاته‌وه تا كه‌سێكی تر كه‌هیچ شتێك نایبه‌ستێته‌وه به‌و كێڵگانه‌وه. یان قوتابیه‌ك كه له‌زانكۆدایه‌و هیچ نه‌بێت كتێبخانه‌و ئینته‌رنێت له‌به‌رده‌ستیدایه‌و هاوڕێكانی ده‌بینێت كه ده‌خوێننه‌وه‌و ئه‌وا بێگومان سه‌رنجی ڕاده‌كێشێت و خولیا گه‌لێكی بۆ دروستده‌بێت كه‌خه‌ڵك نییه‌تی، له‌به‌رئه‌وه هه‌ندێك تایبه‌تمه‌ندی ڕووده‌كاته ئه‌م به‌حوكمی كاتی، ته‌مه‌نی، ئه‌و هه‌له‌ی له‌به‌رده‌ستیدایه و ئه‌و نه‌ترسانه‌ی كه‌بۆی دروستده‌بێت و له‌ڕووی ئابوریشه‌وه كه‌شتێكی نییه بیدۆڕێنێ، به‌حوكمی ڕۆحانی تر بوونی، ئه‌مانه هه‌مووی واده‌كات چاوه‌ڕوانی زیاتر له‌م توێژه بكرێت. هه‌روه‌ها هه‌ندێك له‌و چاوه‌ڕوانییه مێژووییه واته عه‌قڵی نییه له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌مێژوودا زۆربه‌ی شۆڕشه‌كان قوتابیان و لاوان كردویانه، چونكه واڕێكه‌وتووه هۆشیاری مۆدێرنه لای ئه‌وان زیاتر كۆبۆته‌وه. یان بابڵێین مۆدێرنه له‌ڕێی گه‌نجه‌كانه‌وه گه‌یشتووه به‌كۆمه‌ڵگاو ئه‌وان زیاتر ئه‌و گۆڕانكارییه‌یان كردووه. كه‌بابه‌ته مێژووییه‌كه‌شی بچێته‌پاڵ چاوه‌ڕوانی له‌قوتابی زیاتر ده‌بێت ئه‌گینا له‌ڕووی ئینسانی و لۆژیكیه‌وه به‌بۆچوونی من ئه‌وه‌ی كه‌له‌سه‌ر قوتابی و گه‌نج هه‌یه هه‌رهه‌مان ئه‌ركه كه‌له‌سه‌ر كه‌سێكی پیره‌و هیچ جیاوازی نییه. داهێنان: به‌م پێیه قوتابی له‌به‌رئه‌وه‌ی كات و ته‌مه‌ن و هه‌ل و مێژوو ده‌رفه‌ت و جورئه‌ت و ڕۆحانیبون و هه‌موو ئه‌شتانه‌ی ئاماژه‌ت پێكرد زیاتر ئه‌ركی گۆڕان و چاكسازی ده‌خاته ئه‌ستۆی، ئایا ڕێكخراوه قوتابی و خوێندكارییه‌كان ڕێگاچاره‌ن بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و هه‌موو كێشانه‌ی كۆمه‌ڵگاو بۆ ئیشكردن له‌فه‌زا گشتیه‌كه‌دا، یان به‌شوێن فۆرمێكی دیكه‌و ئه‌ڵته‌رناتیڤێكی دیكه‌دا بگه‌ڕێت؟
ته‌حسین حه‌مه غه‌ریب: له‌ڕاستیدا ئه‌گه‌ر ڕێكخراوه مه‌ده‌نییه‌كانی وڵاتی ئَێمه ئه‌گه‌ر ئه‌و مافانه‌یان نه‌بێت كه له‌كۆمه‌ڵگاكانی دیكه‌دا هه‌یه، به‌تایبه‌تی له‌ڕووی ئابورییه‌وه، چونكه ئه‌مڕۆ ئێمه ده‌زانین ئابوری هه‌ڕێم به‌ده‌ست دوو ده‌سه‌ڵاتداره‌وه‌یه كه به‌ئاره‌زووی خۆیان هه‌ریه‌كه‌یان بیه‌وێت لێی بێبه‌شده‌كه‌ن؟ به‌ڵام دواجار دوو بابه‌تی دیكه‌یان به‌ده‌سته‌وه‌یه كه‌ده‌توانن ته‌وزیعی بكه‌ن، چونكه هه‌رگیز ده‌سه‌ڵات ناتوانێت ئه‌و شتانه بۆ خۆی قورخبكات كه‌یه‌كه‌میان بریتیه له‌ده‌رك. من بۆ خۆم مرۆڤێكی ده‌رك سه‌نته‌رم، قه‌ناعه‌تم وایه ده‌رك، بیر، فیكر لای مرۆڤ سه‌نته‌ره‌و شته‌كانی تر به‌پله‌ی دووه‌م دێن، له‌مه‌ش چه‌ندین فه‌یله‌سوفی گه‌وره مامۆستامن، له‌م بواره‌داو ئه‌وان پێش من بڕوایان به‌م مه‌سه‌له هه‌بووه. خۆشبه‌ختانه ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات ده‌توانێت هه‌موو باره‌كان بۆ خۆی ببات، به‌لاَم ناتوانێت ده‌رك بۆ خۆی قۆرخبكات، ئه‌وه‌ش به‌چاوی خۆمان ده‌بینین كه‌ده‌ركی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌سه‌ر به‌دوو حیزبی ده‌سه‌ڵات نین زۆر به‌هێزتره له‌ڕووی فیكری و هۆشیاری و تێگه‌یشتنه‌وه، ئیتر ئایا موعانات ئه‌وه ده‌خولقێنێ یان ده‌رك له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌وڵاتی ئێمه‌دا ئه‌مه شتێكی دڵخۆشكه‌ره، ڕێكخراوه قوتابیی و خوێندكارییه‌كان ده‌توانن ئه‌مه ته‌وزیف بكه‌ن. دووهه‌مینیان هه‌میشه ئه‌و شته‌ی كه كۆمه‌ڵگا له‌زانسته‌كاندا دروستیده‌كات به‌حوكمی ئه‌وه‌ی كه كۆمه‌ڵگه هه‌میشه به‌شوێن ئیستیقراو جێگیركردنی خۆیه‌تی و وه‌ك ده‌ڵێن ده‌یه‌وێت ئیستراحه‌ت بكات و هه‌میشه ئه‌و زانستانه ئه‌گرێته خۆی كه‌باری هه‌بووی كۆمه‌ڵگا ڕاگیرده‌كات، من له‌هه‌ردوو دیوی خوێندنی دونیای مۆدێرنه‌و پێش مۆدێرنه‌شدا بینیومه. ئه‌و كاته‌ی كه‌فه‌قێ بووم ده‌مبینی فه‌قێكان و مه‌لاكان ئه‌و زانستانه‌یان گرنگی پێده‌دا كه‌په‌یوه‌ندی به‌باری هه‌بووی كۆمه‌ڵگاوه هه‌یه، بۆ نمونه (ته‌ڵاق و نیكاح و نوێژی مردوو ... هتد) بۆ؟ چونكه به‌وه به‌مه‌لا ده‌ناسران، له‌سه‌رده‌می نوێشدا بۆچی پزیشكی و ئه‌ندازه‌یی ئه‌وه‌نده گرنگی پێده‌ده‌ن؟ چونكه به‌م جۆره زانستانه كه‌مه‌رج نییه هه‌ر ئه‌و دووانه‌بێت كۆمه‌ڵگه باری هه‌بووی خۆی ڕاگیرده‌كات.
داهێنان: ئایا قوتابیان و رێكخراوه‌كان ده‌توانن له‌م باره‌شدا رۆڵیان هه‌بێت؟چۆن؟ ته‌حسین حه‌مه غه‌ریب: به‌بۆچوونی من ڕێكخراوه‌كان ده‌توانن له‌مه‌شدا ڕۆڵی خۆیان هه‌بێت به‌وه‌ی نه‌هێڵن كۆمه‌ڵگه بحه‌وێته‌وه چونكه ده‌مرێت. كۆمه‌ڵگه هه‌میشه خه‌ریكی ئه‌وه‌یه كۆمه‌ڵێ زانست گرنگی پێ بدات بۆ نمونه؛ پزیشكی هه‌ر به‌قه‌د بیركاری زانسته، به‌قه‌د فه‌لسه‌فه زانسته، به‌ڵام بۆ ئه‌و ئه‌وه‌نده گرنگه؟ ئه‌مه كۆمه‌ڵگه واده‌كات نه‌ك خودی زانست، ئه‌گینا بڕیارنییه وابێت. به‌بۆچوونی من ڕێكخراوه‌كان ده‌بێت هه‌وڵی تێكدانی ئه‌مه بده‌ن تاوه‌كو زانسته‌كان هه‌موویان ڕۆڵی خۆیان هه‌بێت به‌مه‌ش كۆمه‌ڵگا ده‌گۆڕێت. من پێم خۆشه خه‌ڵك ئه‌وه‌نده گرنگی به‌پزیشكی نه‌دات، سیستمی سیاسیش وای ده‌وێت كه ساڵانه به‌یه‌ك چاو سه‌یری یه‌كه‌می كۆلێژه‌كان وه‌ك یه‌ك ناكرێت، من بیرم دێت ئه‌و ساڵه‌ی كه من له‌یه‌كه‌مه‌كانی زانكۆ بووم ئاسیاسێڵ هاتن دیاریان به‌خشیه‌وه ئه‌وانه‌ی زانسته ئه‌زمونییه‌كان، له‌ئه‌ندازه یه‌كی 10 وه‌ره‌قه‌یانداو زانسته مرۆییه‌كانیش هیچ، ئه‌مه چییه؟ ئه‌مه ئه‌وه‌یه وه‌ك فۆكۆ ده‌ڵێت ده‌سه‌ڵات به‌رگری له‌مه‌عریفه‌یه‌ك ده‌كات كه له‌ناو كۆمه‌ڵگا جێگیری ده‌كات، فیعله‌ن ئه‌گه‌ر ناعه‌داله‌تیه‌ك له‌ناو كۆمه‌ڵگادا هه‌بێت به‌مه جێگیری ده‌كات و شه‌رعیه‌تی ده‌داتێ به‌مه‌عریفه. سیاسیه‌كانیش به‌جۆرێكی دیكه خه‌ریكی ئه‌مه‌ن، كه‌ڕێكخراوه‌كان ده‌توانن ئه‌مه تێكبده‌ن به‌مه‌ش ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ده‌گۆڕێت.
داهێنان: ده‌كرێت شته‌كانی پێش سه‌رده‌می مۆدێرنه له‌گه‌ڵ دیوه‌كانی دیكه‌ی كۆمه‌ڵگه له ئێستادا كۆبكرێته‌وه؟
ته‌حسین حه‌مه‌غه‌ریب: به‌ڵێ به‌بۆچوونی من قوتابی باش ده‌توانێت ئه‌مه‌بكات، ئه‌وه‌ش ئه‌گه‌ر له‌وڵاتانی تر كاڵبوبێته‌وه، له‌وڵاتی خۆماندا باش ئه‌وه ده‌بینین، بۆ نمونه سیستمی خوێندنی سه‌رده‌می نوێ له‌گه‌ڵ زانسته‌كانی پێش سه‌رده‌می نوێ‌دا ناگونجێ، هه‌ربۆیه ده‌یانه‌وێت ئاین بكه‌نه‌ده‌ره‌وه، چونكه كاتی خۆی كابرا چووه مه‌نتیق یان فه‌لسه‌فه‌ی ده‌خوێند، ده‌بوایه چه‌ند ڕۆژ به‌ڕۆژوبێت، ئه‌مڕۆ ئه‌و شتانه له‌فه‌لسه‌فه‌ی په‌روه‌رده‌ی نوێ‌دا بوونیان نه‌ماوه، به‌ڵام خۆده‌كرێت قوتابی ئه‌وه‌ش بكات وه‌كو خۆی. له‌سه‌رده‌می نوێ‌دا ئێمه ده‌بێت هه‌وڵبده‌ین ئه‌و ناهاوسه‌نگیه‌ی له‌نێوان زانست‌و مه‌عنه‌ویه‌تدا دروستبووه بیهێنینه‌وه‌و ئه‌وه‌ش به‌چاوی خۆمان ده‌یبنین. هه‌روه‌ها ئه‌و زیاده گه‌وره‌بونه بێتامه شكڵیه‌ی به‌ناوی پسپۆڕییه‌وه له‌وڵاتی ئێمه‌دا ده‌كرێت كابرا له‌هه‌ر شتێك‌دا پسۆڕی هه‌بوو نابێت گرنگی به‌شته‌كانی تر بدات، ئه‌مه به‌جۆرێك چه‌سپاوه كه ناكرێت گرنگی به‌شته گشتیه‌كانیش بدات، كه ئه‌و شتانه په‌یوه‌ندی به‌هه‌موو كۆمه‌ڵگاوه هه‌یه، من زۆر خه‌فه‌ت ده‌خۆم كه كه‌سێكی زیره‌ك ده‌بینم له‌شتێكی بچو‌وكدا زۆر بلیمه‌ته، به‌ڵام له‌كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگه تێناگات. یانی به‌ناوی پسپۆڕییه‌وه فه‌زاگشتیه‌كه‌یان كوشتووه، كه‌ڕێكخراوه‌كان ده‌توانن له‌مه‌شدا ڕۆڵی خۆیان هه‌بێت. ڕێكخراوه قوتابی و خوێندكارییه‌كان ده‌توانن زۆر باش هه‌وڵیان هه‌بێت له‌بواری هاوسه‌نگی ڕاگرتن له‌نێوان زانسته‌كان، هه‌م له‌بواری هێنانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك شتی فه‌وتاودا، هه‌روه‌ها ئه‌و شتانه‌ش كه‌نین به‌تایبه‌تی له‌بواری سیاسه‌ت و ده‌وڵه‌تداریدا. دواجاریش ئه‌گه‌ر ته‌نها له‌بواری خۆشیان چاكسازی بكه‌ن چ له‌ڕووی زانستییه‌وه بێت، یان له‌ڕووی بواری ئابورییه‌وه بێت، توێژێكی گه‌وره‌ی كۆمه‌ڵگه‌ن جێكه‌وتی خۆی له‌سه‌ر توێژه‌كانی دیكه‌ش ده‌بێت وه‌ك چۆن ده‌وترێت پاره چووه هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كه‌وه باده‌وڵه‌مه‌نده‌كانیش بیبه‌ن، به‌ڵام جێكه‌وتی خۆی له‌سه‌ر هه‌ژاره‌كانیش ده‌بێت. به‌بڕوای من ئێمه ته‌نها ڕێكخراوه قوتابی و خوێندكارییه‌كان چاك بكه‌ین بۆ ئه‌م كۆمه‌ڵگه، ئیتر به‌سه، چونكه لای خۆی ناوه‌ستێته‌وه‌و به‌و مانایه‌ی كه‌من ئێستا ئاماژه‌م پێكرد چونكه هه‌م كاریگه‌ری له‌سه‌ر زانست ده‌بێت و هه‌م له‌سه‌ر فه‌زاگشتیه‌كه‌و گۆڕان و ئابوری و شته‌كانی تر ده‌بێت، چونكه خه‌سڵه‌تێكی هێرشبه‌ری و هه‌ژموونی هه‌یه‌و ناتوانین قۆرخی بكه‌ین، ڕێكخراو به‌ری لێناگیرێت و هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكردووه هه‌میشه قوتابیان زه‌قده‌بنه‌وه‌و له‌شۆڕشه‌كاندا ده‌بینرێن.
|