ئاى سمارت

لیستى سه‌ره‌كى
هزر [0]
بابه‌تى تر [4]
ديمانه [0]
ڕاپرسی
زیاتر حه‌زت له‌ كام جۆرى فیلمه‌؟
كۆى ده‌نگده‌ران: 60
ئاى سمارت له‌
الرئيسية » 2009 » ئایار » 4 » چاوپێکەوتن لەگەڵ تەحسین حەمەغەریب
00:47:52
چاوپێکەوتن لەگەڵ تەحسین حەمەغەریب
"ئەو کەسانەى کە شوناسى مۆدێرنەیان پێنیە، شەڕیان شەڕى مانەوەیە"
 
له سايتى داهێنان . نيَت 
 
 
داهێنان: پێناسى تۆ بۆ قوتابى - وەک کەسایەتیەکى ڕۆشنبیرو کارەکتەرێکى هەڵسوڕاو-ءشوناسی خوێندکار چییە؟
 تەحسین حەمە غەریب: سوپاسى بەڕێزتان دەکەم بۆ ئەم دەرفەتە، ڕەنگە بۆ من پەلەبێت بۆ قسەکردن لەو بابەتە و زۆرتر تێڕامانى بوێت، لەڕاستیدا یەکێک لەو زاراوانەو یەکێک لەو چەمکانەى کە بەبۆچوونى من کێشەى خوڵقاندووە لەسەردەمى نوێدا، ناڕوونى لەچەمکەکەدا هەیەو کێشەى دروستکردووە کە بریتیە لەچەمکى قوتابى، من ئەوەندە موتابەعەى ئەم بابەتەم کردبێت بە حوکمى ئەوەى لاوەکانم خۆشدەوێت و هەم زۆربەى تەمەنیشم بەقوتابێتى بردۆتە سەر، وادەزانم چەمکى قوتابى یان خوێندکار یەکێکە لەو چەمکانەى شێواندنى لاى خەڵکى دروستکردووە تەنانەت لاى ئەو کەسانەش کەخۆیان بەهەڵگرى ئەو شوناسە دەزانن، ئەو کەسانەش کەخۆیان بە بەرپرس دەزانن بۆ خەمخواردنى ئەو شوناسە، ئەو دەزگایانەش کە ئەو کەسانەى بەم ناوەوە ناسراون چ قوتابى چ خوێندکار ناڕونیەک هەیە لەبەرامبەر ئەم چەمکەوە.
داهێنان: بە بڕواى تۆ کێشەکە لە ناروونى چەمکەکەدایە؟
بەڵێ، واتە بە هەموویانەوە ئەوەیان کردووە کە قوتابیان بە (گالب العلم) ماناکردووەتەوە کە ئەوەش هی هەموو سەردەمێکە، لە کاتێکدا بەبۆچوونى من قوتابى چەمکێکى مۆدێرنە، وەکو چۆن چەمکى یاسا شەریعەت نییە، یاسا جیایە لەشەریعەت، شەریعەت هى سەردەمەکانى پێشووەو لەزەمەنەکانى پێشووترو لەزۆربەى شارستانیەتەکانیدا و لەشارستانیەتى ئیسلامیدا بوونى هەیە، پێنج شەریعەت کە لە مێژوودا ناسراون هەبوون، خەڵکى دێت یاساو شەریعەت دەکاتەوە بەیەک و شێواندنێک لەو بابەتەدا دروستدەکات.
لەڕاستیدا ئەو دوو ڕەوتەى کە لە فەلسەفەدا هەیە ئایا من مانا خوازم یان ناو خوازم، من زۆر زاراوەم بەلاوە گرنگ نییە خوێندکارە یان قوتابییە ئەو شەڕەى ئەمڕۆ لە کوردستاندا هەیە شەڕێکى بآ ماناو شەڕێکى بآ مەعریفییە، ماناى قوتابى بوون و چەمکى قوتابى بوون بەبۆچوونى من چەمکێک نیە (گالب العلم) بێت، وەک ئەوەى کە لەسەردەمەکانى پێشووتردا بوونى هەبووە، چونکە قوتابى شتێکەو شوناسێکە مۆدێرنە خولقاندویەتى، ئەگەر یەکێک لە تایبەتمەندیەکانى سەردەمى مۆدێرنە بریتى بێت لەوەى شوناس ئەداتە مرۆڤەکان، ئەوەى ئەو شوناسەى پآ نەبێت ئەوە ئیعتیراف بەبوونى ناکات و دان بەبونیاندا نانێت، بەڵکو دەبێت وجودیشى نەبێت.
داهێنان: ئەو کەسانەى کە شوناسی مۆدرێنەیان نییە، ئایا دەتوانن شەرى دەستخستنى ئەو شوناسە بکەن؟
تەحسین حەمە غەریب: ئا لێرەوەیە فەلسەفەى مانەوە دروستدەبێت، ئەو کەسانەى کە شوناسى مۆدێرنەیان پآ نییە شەڕیان شەڕى مانەوەیە، نەک شەڕى شوناسێک لە ناو مۆدێرنەدا. چەمکى قوتابى یەکێکە لەو چەمکانەى مۆدێرنە خولقاندویەتى بۆیە ئەو کەسانەى ئەو شوناسەیان پآ نییە ئەگەر زۆر لەبوارى ئەوەى کە لە سەدەکانى کۆن پێى وتراوە عیلم و حیکمەت زۆریش چوبنە پێشەوە لەسەردەمى مۆدێرنەدا جێیان نابێتەوە، نە ئەوەى کەبێتەوە خەیاڵى مرۆڤ شتێک کە ڕێینادەن بخوێنێت یان ڕێگەى پێنادەن وانە بڵێتەوە، بەڵکو لەسەردەمى مۆدێرنەدا گرفتى ژیانى تۆ دروستدەبێت، ناتوانَت بژى، هەى وا هەیە نانى نییە، رزقى نییە لە ناو جوگرافیاو ئەندازەى کۆمەڵایەتى سەردەمى مۆدێرنەدا، جێى نابێتەوە. ئەمە پەیوەندى بەو مەعریفەوە هەیە کە فۆکۆ باسى دەکات، هەموو قودرەتێک پێویستى بە مەعریفەیەک هەیە بەقا بۆخۆى ببات، سەردەمى نوێش وەکو قودرەتێک وەکو قابیلیەتێک لە دەوڵەتدا خۆى دەبینێتەوە، دەوڵەتى نەتەوە پێویستى بە فۆرمێکى مەعریفى هەیە، بۆ ئەوەى مانەوە بەخۆى بدات. بەبۆچوونى من ئەم فۆرمە لە یەکەم ساڵى کەسایەتى کەسێکەوە کە دەچێتە قوتابخانە هەتا ئەو کاتەى کە (تخرج) دەکات تەنانەت تا ئەو کاتەش کە مامۆستایە خەریکى دروستکردنى ئەو فۆرمەیە، دەوڵەتى نوێش بەمە مانەوەى خۆى مسۆگەر دەکات. بەڵگەى ئەمەش ئەوەیە کە لەسەردەمى مۆدێرنەدا هەموو فەلسەفەکانى سەردەمى پێشوتر ناتوانێت بوونیان بێت بەبآ جیاوازى چ پەروەردەى ئاینى بێت چ پەروەردەى فەلسەفى بێت چ ئەوەبێت کە لەسەردەمى یۆنانى کۆندا کە سیاسەت مەرکەزە، چ ئەوەش بێت کە لە سەردەمى شارستانیەتى ئیسلامى و سەردەمى شارستانییە دینیەکانى سەدەى ناوەڕاستى ئەوروپا کە مەعنەویەت مەرکەزە تێیدا لەگەڵ چەمکى قوتابى هەمیشە شەڕیانەو نایانکرێ لەگەڵیدا. یانى هەرگیز ناکرێت لەناو قوتابخانەدا کەسى حەکیم دەربچێت کەسێک کە حیکمەتى خۆشدەوێت یان فەیلەسوف بەو مانایەوە هەرگیزیش ناکرێت کەسى مەعنەویەتگەرا بەو شێوەى کە لە قوتابخانەکاندا هەیە دروست بێت. بەبۆچوونى من ئەمە مەحاڵە کۆبونەوەى ئەم بابەتە لەبەرئەوەى کە قوتابى چەمکێکى نوێیە دەزگایەکى مەعریفى نوێیە کە قودرەتى سەردەمى نوێ بۆ بەقاى خۆى هاتووە ئەم مەعریفەیەى خولقاندووە، یان ئەم دەزگا دروستکەرە مەعریفیەى خولقاندووە کە بەردەوام مەعریفەیەک دێنێتەبوون، ئەمەش دواجار شوناسێکى ئەداتآ، شوناسى ئەوەى کە یان بەناو ئەم دەزگایەدا تێپەڕدەبێت یاخود لە کوێى ئەم دەزگایەدایە.

داهێنان: ئەگەر قوتابى (گالب العلم) بێت بۆ ئەو ئەزموون و زانستە نوێیانەى ئێستا، کەواتە ئەوەى کە دێتە سەرجادەو داواى مافەکانى خۆى دەکات و داکۆکى لە دۆزە نەتەوەییەکەى خۆى دەکات و داکۆکى لەمافە سەرەتایى و پێداویستیەکانى ژیانى خۆى و هاوشێوەکانى دەکات، ئەوە قوتابى نییە یان بابڵێین ئەو مانایانە چین کەنەوەى نوآ دە توانێت هەڵگرى بێت؟
تەحسین حەمە غەریب: د.سروش قسەیەکى زۆر جوانى هەیە لەم بوارەدا، هەتا هابرماسیش قسەى لەو شێوەیە هەیە کە باشترین ئامۆژگاریم بۆ قوتابیان ئەوەیە خۆیان بەزانست پڕچەک بکەن، یانى باش ئەو زانستە نوێیانە هەرسبکەن، بگەنە ئەولەویەتى ژیانى خۆیان، بەڵام ئایا کەموکورتى و خەوشەکانى ئەو زانستە کەشف ئەکەن؟ ئایا ڕۆڵى دیکەیان لەناو کۆمەڵگەدا دەبێت؟! ئالێرەدا ئەو پرسیارەى تۆ پرسیارى دیکەى تێدا جێدەبێتەوە ئایا قوتابى لەهەمان کاتدا شتى دیکەش نییە؟ قوتابى وەک ئەوەى قوتابى سەردەمى مۆدێرنە لەهەمان کاتیشدا مرۆڤى سەردەمى نوێشە، ئالێرەدا مافى سەرەدەمى نوێشى هەیە و دەبێت قسەى سەردەمى مۆدێرنەشى لێوەربگیرێت، ئالێرەوە عەدالەتى سەردەمى مۆدێرنە ئەویش دەگرێتەوە لەبەرئەوە ڕاستە قوتابى ئیشى ئەوەیە لەگەڵ ئەو زانستانە مامەڵەبکات، بەڵام خۆ قوتابیش ڕەهەندى دیکەى هەیە وەکو هەموو مرۆڤێک لەسەردەمى نوێدا تاکگەرایى لە سەردەمى نوێدا کە تاکەکان دەتوانن بچنە سەرجادەو دەتوانن پرسیار بکەن، نەک هەر دەتوانن، بەڵکو دەبێت پرسیار بکەن، بەڵام گرفتەکە لێرەدا ئەوەیە هەمیشە ئەم شتە تێکەڵدەکەن من هەمیشە لەگەڵ ئەو گەنجانەى کەهەڵسوکەوتم لەگەڵ کردوون، پێم وتوون کە دەبێت ئێوە لەخوێندندا سەرکەوتووبن، من خۆم کردبووە نموونە یانى عەزێتى خۆمم دەکرد، هەمیشە لەزانکۆو لەخوێندندا لەیەکەمەکانبم، بەڵام دەمویست بیسەلمێنم کە ئەمە ڕێگر نییە گەر بآ ئەوەى کەمن ڕەخنەش بگرم و قسەشم هەبێت، وادەزانم ئەو شتانەى کە بە هەوڵى متەوازعانەى خۆم کردوومە بۆ نمونە یەکەم کەس بووم کەهەوڵى ئەوەمداوە بابەتى عەدالەت تێوریزە بکەم، یانى ئەو قسانەى کە لە دەوروپشت کرابوون هەمووى قسەى عام بوون لەسەر عەدالەت، لە سلێمانى لەسەردەمێکدا کە کەس نەیدەوێرا لەوبوارەدا قسە بکات من هەوڵمدا بەپشت بەستن بەتیۆرەکەى (جون راوڵز) لەعەدالەتدا، مەسەلەى عەدالەت لە وڵاتى ئێمەدا تێوراویز بکەم، لەو کاتەدا لە زانکۆش قوتابى پلەیەک بووم. جا مەبەستم ئەوەیە ئەم دوو شتە دەبێت قوتابى لەخوێندنى خۆیدا سەرکەوتوبێت و ئەمەش ڕێگر نییە لەوەى کە دەبێت قسەى دیکەشى هەبێت مەرج نییە ڕۆشنبیر بێت، ڕۆشنبیریش چونکە چەمکێکى سەردەمى نوێیە، ڕۆشنبیر ئەو کەسەیە کە بۆشاییەکانى سەردەمى نوێ دیاریدەکات، بەڵام ئایا هەموو کەسێک ئەتوانێت ئەمە بکات کەسانێکمان هەیە کە دەتوانن بۆشاییەکانى سەردەمى نوآ دیاریبکات، بەڵام کەسانێکى تر هەیە بۆشاییە دۆزراوەکان ڕاست دەکەنەوە.
داهێنان: ئایا دۆزینەوەى بۆشاییەکانى سەردەمى نوێ بە قوتابی دەکرێت؟
تەحسین حەمەغەریب: بەبۆچوونى من قوتابى ئەگەر کرا باڕۆشنبیربێت یانى بۆشاییەکانى سەردەمى نوآ بدۆزێتەوەو کەشفى شتێکى نوى بکات، ئەوە زۆر باشە، خۆ ئەگەر نەیتوانى ئەوە بکات خۆ دەبێت هەوڵى ئەوەبدات ئەو بۆشاییانەى کە ڕۆشنبیران دۆزیویانەتەوە پڕیان بکاتەوەو لەناو کۆمەڵگەدا پراکتیکیان بکات. لەبەرئەوە قوتابى بوون هەرگیز پێچەوانە نابێتەوە لەگەڵ ئەمەداو بەڵکو گونجاویشە لەگەڵیدا.
داهێنان: بە حوکمى ئەوەى قوتابیان تەمەنێکى کەمیان هەیە، ئایا دەتوانن بۆشاییەکانى سەردەمى نوێ بدۆزنەوە؟
تەحسین حەمە غەریب: سەردەمى نوآ حساب بۆ تەمەن ناکات، یانى کەسێکى حەفتا ساڵ لەگەڵ کەسێکى 20 ساڵ وەکو یەک مافیان هەیە، یەکێکى تر لە تایبەتەمەندیەکانى سەردەمى نوێ ئەوەیە کەهەموو کەس بۆى هەیە قسەى خۆى بکات، کاتێک کە عەدالەت دەگاتە ئەوجى خۆى، لاى هابرماس عەدالەت لەگەڵ قسەدا دەبێتەوە بەیەک یانى قوتابیش دەتوانێت قسەى خۆى بکات، یەکێکى تر لەتایبەتمەندیەکانى سەردەمى نوآ ئەوەیە کەهەموو شتەکان بەڕێکەوتن، قوتابیش دەتوانێت بەڕێکەوتنى لەگەڵ کۆمەڵگەو دیکەدا مامەڵەبکات، کەسیش مافى ئەوەنییە بێدەنگى بکات، چونکە ئەویش مافى ئەوەی هەیە وەک هەر مرۆڤێک کە لەم سەردەمەدا دەژیێت قسەبکات و هەموو ئەمانەش لەگەڵ ئەرکى قوتابیدا دێنەوە.
من باوەڕم بەو تیۆرییەى مستەفا مەلەکیان هەیە کەدەڵێت ڕۆشنبیر ئەو کەسەیە کەدوو ئەرکى هەیە کەیەکێکیان بریتیە لەکەشفى حەقیقەت، حەقیقەتێک کە ناڕونەو خەڵکى نایزانێت ئەم هەوڵدەدات بۆ خەڵکى ڕوونبکاتەوە، دووەم ئەرکى ئەوەیە کە ئازارەکانى مرۆڤ کەم بکاتەوە، ئەو کەسەى کە ویستى ئەم ئیشەبکات بەبۆچوونى مەلەکیان کە منیش 100% لەگەڵیدام لەم بوارەدا ئەو کەسە ڕۆشنبیرە، ئایا دەکرێت قوتابى هەڵگرى ئەم شوناسە ڕۆشنبیرییە بێت؟ هەم هەوڵى کەشفى حەقیقەت بدات و هەم لەهەوڵى کەمکردنەوەى ئازارەکانى مرۆڤدا بێت؟ بەڵآ دەکرێت وەکو زۆرێک لەڕۆشنبیرەکانى جیهان لەسەردەمى مۆدێرنەدا کە ڕۆشنبیر لەسەردەمى نوێدا بوونى هەیە کە لەتەمەنێکى کەمدا ئەمەیان کردووە، کە لە سەردەمى قوتابى بوونى خۆیاندا ئەمەیان کردووە. خۆ ئەگەر کەشفى حەقیقەتى پێناکرێت چونکە ئەمەش بەهرەیە بەس خۆ دەکرێت لەکەمکردنەوەى ئازارەکانى مرۆڤەکانى دیکەدا بەشداربن قوتابیان دەتوانن ئەمەبکەن.

داهێنان: مامۆستا بۆ بەجێهێنانى ئەم مەبەستە زۆرجار جوهدى فەردى سەرفکراوە، زۆرجاریش ڕێکخراوە پێکهێنراوە، مادام لەناو کۆمەڵگەدا زۆرێک کەموکوڕى هەیە، کەواتە ئەم ڕێکخراوانەى کە ئێستا لەناو کۆمەڵگە ئیشدەکەن لە کوێى کۆمەڵگەدا خۆیان دەبیننەوە؟ ئەو فەزایە کامەیە کە ڕێکخراوەکان دەتوانن ڕۆڵى خۆیانى تێداببیننەوە؟

تەحسین حەمە غەریب: خۆى لەڕاستیدا یەکێک لەو پارادۆکسانەى (ئیزدواجیەت) کە لەسەردەمى نوێدا بوونى هەیە، بریتیە لەم پرسیارەى جەنابت، یان ئەو مانا قوڵەى کە لەم پرسیارەدا هەیە، چونکە لەسەردەمى نوێدا وادەردەکەوێت کە تاکگەرایى زۆر زەقەو تاک ئازادى هەیە، بەڵام لەڕاستیدا کەمرۆڤ بەتێڕامانەوە باسى ئەم بابەتە دەکات دەبێت تاک لەسەردەمەکانى پێشووتردا ڕۆڵى زیاترى بووە تالەم سەردەمەدا. بۆچى؟چونکە ڕاستە لە بوارى تاکێتیدا لەسەردەمى نوێدا ئەتوانین بڵێین ئەوەى کە ناویان ناوە مافەکانى سەردەمى نوێ بۆ تاک مسۆگەرە، کاتێک کە ئەیەوێت بگوازرێتەوە لەمافى تاکێتى خۆیەوە بۆ ناو دەزگاکان یان ئەو بۆ ئەو شتەى کە فەزاى گشتیەو پەیوەندى هەیە بەکۆمەڵگەوە، ئالێرەدا گرفت بۆ تاک دروست دەبێت لە سەردەمى مۆدێرنە، ئالێرەدا ئەبێت سێهەمێک بێتە ئاراوە ئەوەى کە جەنابت ئاماژەى پێدەکات ڕێکخراو و کۆمەڵگەى مەدەنى. تاک بەتەنها لە سەردەمى نوێدا ناتوانێت ئەو جێکەوتەى هەبێت کە تاک لەسەردەمەکانى پێشوتردا بوونى هەبووە کەسێک بۆتە پێغەمبەر کۆمەڵگەیەکى دروست کردووە کەسێک کەسایەتى کاریزمى بووە کۆمەڵگەیەکى خولقاندووە، بەڵام لەسەردەمى نوێدا هەرگیز تاک ئەوەى پێناکرێت، ناتوانێت کاریگەرى خۆى لەسەر فەزاى گشتى دروست بکات تائەڵقەیەک هەیە کەلەنێوان بوونى خۆى وەک تاک و فەزاگشتیەکەدا نەیەتەبوون کەئەویش ڕێکخراوە بەبۆچوونى من ئەوە یەکێکە لەو بەڵگەنەویستانەى کەلەسەردەمى نوێداو تائێستاش دەبێت قوتابیان و خوێندکاران هەرگیز بیرلەوە نەکەنەوە، چونکە تووشى موفاجەئەو ڕەشبینیەک دەبن چونکە ئەزانن کەواقیعەکەیان بۆ ناگۆڕێت. هەر لەسەر ئەم ئەساسەشە کەزانستى کۆمەڵناسى لەدەروونناسى جیادەبێتەوە، واتە ئەو زانستانەى کەپەیوەندیان بەتاکەوە هەیە جیادەبنەوە لەزانستانەى کەپەیوەندیان بەهەموو کۆمەڵگاوە هەیە. زانستى سیاسى جیادەبێتەوە لەئەخلاق وەک ئەوەى کەدەوترێت بۆ؟ چونکە تاک بەتەنها ناتوانێت جێکەوتى خۆى و گۆڕان لەناو کۆمەڵگەدا دروست بکات تاوەکو ئەڵقەیەک دروست نەبێت، یانى ڕێسا فەردییەکان نەبنە ڕێساى گشتى  لەبەرئەوە باسم لەوەنیە ڕێکخراو هەیە گەندەڵە یان نا ئێمە دەبێت ئەوە بزانین لەڕێکخراو بێنیازین و دەکرێت بوونى نەمێنێت، چونکە لەدونیادا ئەوە مومکین نییە، چونکە ئەو فشارەى کەڕێکخراو لەسەر دەوڵەتى نوآ دەوڵەتى نەتەوە کەسیستمێکى نوێیە بۆ حوکم هەى چیە؟ کەواتە نابێت ئەو ئەڵقەیە بپەڕێنین .

مشاهده: 1121 | أضاف: Abdullakurd | الترتيب: 0.0/0
مجموع المقالات: 0
إضافة تعليق يستطيع فقط المستخدمون المسجلون
[ التسجيل | دخول ]
بۆكس ئۆفێس
پرِ داهاترین فیلمه‌كانى ئه‌م هه‌فته‌یه‌ى سینه‌ماكانى ئه‌مریكا
يوتيوب
داتاكان

کۆى ئەوانە لەسەر هێڵن: 1
میوانان: 1
ئەندامان: 0

Copyright MyCorp © 2024
تستخدم تكنولوجيا uCoz